چۆن بەر لە هێرشەكانی توركیا دەگیرێت؟

:: PM:11:12:18/09/2023 ‌

ئەوەی روودەدات لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی توركیا و لەشكركێشییەكانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەهۆی لاوازیی حكوومەتی عێراق لە لایەك و بوونی پاساوە بە دەستی توركیاوە، ئەوەش بەهۆی بوونی بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم و عێراق، ئەوەی دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆزتر كردووە كە پەكەكە و توركیا لە شەڕدان و بە مەبەست گۆڕەپانی شەڕەكەیان بۆ ناو خاكی هەرێم و عێراق گواستووەتەوە، بەڵام ئەو بابەتە چۆن چارەسەرێكی بابەتییانە و بنبڕانە دەكرێت؟

دوای ئەوەی بەر لە چەند مانگێك ئێران بە پاساوی بوونی بنكە و بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی ئەوان تەواو پابەندی خەباتی سیاسین و هیچ جۆرە جموجۆڵ و چالاكییەكی نائاسایی و سەربازییان نەبووە، بەڵام تاران بەو پاساوە و بە تۆمەتی پەڕینەوەیان بۆ ناو خاكی ئێران و هاندانی راپەڕینە جەماوەرییە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە، بنكە و بارەگەی ئەوانی لەناو خاكی هەرێم بۆردمان كرد، لەوە زیاتر هەڕەشەی لەشكركێشی كرد و سبەش دوا وادەیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی لە نێوان بەغدا و تاران بۆ دوورخستنەوەی بنكە و بارەگەكانیان لە سنوورەكانی ئێران و داماڵینی چەكەكانیان.

بە بەراوردكردنی هەڵوێستەكانی ئێران و توركیا و دوور لە مەبەستی راستەقینەیان، ئەوان هەمان پاساویان هەیە، ئەویش چالاكیی حزبەكانی رۆژهەڵات و پەكەكە و بوونیانە لەناو خاكی هەرێم، كە ئەوەش هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان دروست كردووە، ئەگەرچی جیاوازی گەورە لە نێوان هەڵوێست و هەڵسوكەوتی حزبەكانی رۆژهەڵات و پەكەكەدا هەیە، كە ئەوەی دوایی گرووپێكی چەكداری و خاوەن ئەجیندایەكی گوماناوییە و روون نییە بۆ لەناو خاكی هەرێم و عێراقە و كێ پاڵپشتی دەكات، بەڵام بەهۆی هاوشێوەیی پاساوەكان، رەنگە تا رادەیەكی زۆر چارەسەركردنی بابەتەكانیش هاوشێوە بكرێن، واتە رێككەوتن و گفتوگۆی هاوبەش بۆ دوورخستنەوەی ئەو نەهامەتییە لە هەرێمی كوردستان و پاراستنی وەك قەوارە و حكوومەت و گەل.

ئەمڕۆ دووشەم فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی بەشداریكردنی لە كارەكانی خولی 78ی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك لە ئەمەریكا لە دیدارێكی ئاژانسی "ئەنەدۆڵو"ی توركی، رووناكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگی هاوبەش لە نێوان عێراق و توركیا، لەوانە بوونی پەكەكە و كاریگەری لەسەر پێوەندییەكانی هەردوو وڵات.

حوسێن لەبارەی دەستووری عێراق پێوەست بە بوونی بنكە و بارەگەی حزبە نەیارەكان بۆ وڵاتانی دراوسێی گوتی، دەستووری عێراق رێگە بە هیچ رێكخراو و گرووپێك نادات لە خاكی عێراقەوە هێرش بكەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، گوتی، ئێمە لە چوارچێوەی دەستوور رووبەڕووی ئەوان دەبینەوە، هەڵوێستی ئێمەش بەرانبەر بە چالاكییەكانی پەكەكە لەسەر خاكی عێراق روونە.

وەزیری دەرەوەی عێراق روونی كردەوە، بۆ بنیاتنانی پێوەندییەكی تەندروست لە نێوان عێراق و توركیا، پێویستە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەبێت، هاوكات پێویستە وڵاتان دەست لە كاروباری ناوخۆی یەكتر وەرنەدەن، دووپاتی كردەووە كە ئێمە لە نیگەرانییەكانی توركیا لە بوونی پەكەكە لە نزیك سنوورەكانی تێدەگەین، بەڵام پێویستە توركیا و هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە دابنیشن و پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە بە هاوبەشی دابنێن، بۆیە چارەسەری لە رێگەی وتوێژی ئاشتییانە لە نێوان توركیا و عێراقەوە دەبێت.

لەبارەی هۆكاری ئەوەی وا دەكات عێراق تا ئێستە پەكەكەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی نەناساندووە، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە، ئێمە رەچاوی بۆچوونەكانی حكوومەتی توركیا دەكەین و هەوڵی چارەسەركردنی مەترسییەكانی دەدەین، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ چۆن بتوانین لەوبارەوە هاوكار بین؟، چۆن ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر بتوانن هاوكاری بكەن و پلانێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە دابنێن؟، وەڵامەكە ئەوەیە كە چەند رێگەیەك بۆ ئەوە هەیە، بۆ نموونە لەسەر سازكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی لەگەڵ ئێران رێككەوتین، دەتوانین هەمان بژارە لەگەڵ توركیاش گفتوگۆ بكەین، رەنكە بپرسین ئاخۆ بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی توركیا و پاراستنی سەروەریی عێراق دەتوانین چی بكەین؟، پێم وایە دەتوانین لە رێگەی گفتوگۆوە بە چارەسەری ئەو كێشەیە بگەین. 

شایەنی باسە بۆردمان و هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بە پاساوی بوونی بنكە و بارەگەكانی پەكەكە بەردەوامە و بووەتە رۆژانە، كێشەكە لەوەدایە هەردوولا رەچاوی ئاسایش و ئارامی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكەن، عێراق بە مەبەست یان بێ مەبەست بەرانبەر بە توركیا دەستەوەستانە، بۆیە باشترین بژارە دوورخستنەوەی بارەگەكانی پەكەكە و ئەو گرووپانەیە كە پاڵپشتیان دەكات، ئەوەش بۆ نەهێشتنی پاساوەكانی توركیا و رێگرتن لە بۆردمان و لەشكركێشی و شێواندنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، لەوەش زیاتر پاراستنی ئەو قەوارەی كە چاوی دۆست و نەیارانی كوردی لە دنیا لەسەرە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل