به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان، ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كیلۆیه‌ك ماده‌ی هۆشبه‌ر و گرتنی باندێكی مه‌ترسیدار راده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 19ی ئهیلوول، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان له راگه‌یه‌نراوێكدا باسیان له‌وه كردووه، دوای وه‌رگرتنی فه‌رمانی دادوه‌ری ئاسایش له‌سه‌ر تۆڕێكی بازرگانیكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر، توانیان سێ تۆمه‌تباری مه‌ترسیدار له هه‌ولێر بگرن كه پێشینه‌ی تاوانیان هه‌یه و كاری كڕین و فرۆشتن به ماده‌ی هۆشبه‌ریشه‌وه ده‌كه‌ن.
"له‌م چالاكییه‌دا بڕی یه‌ك كیلۆگرام ماده‌ی هۆشبه‌ر له جۆره‌كانی كریستاڵ و تریاك و جامایكا، له‌گه‌ڵ بڕێك پاره‌ی ساخته و ژماره‌ی ئۆتۆمبێلی ساخته له‌گه‌ڵ نارنجۆكێك و چه‌ند چه‌كێكی جۆراوجۆر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، تۆمه‌تباران په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كرایه‌وه‌و رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه". له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وا نووسراوه.