چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرهەڵستیی بەپارێزگەكردنی هەڵەبجە دەكات

:: PM:05:19:19/09/2023 ‌

هەفتەی رابردوو بۆ دوێنێ دووشەم و دوێنێش بۆ ئەمڕۆ و ئەمڕۆش بۆ كاتێكی تر، ئەوە چارەنووسی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بوو لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەرجی هەیە و دەنگ بە تێپەڕبوونی یاساكە نادات. 

شوان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، هەڵوێستی هێز و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبارەی دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە جێگیرە، بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدات، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دانیشتنەكە و دەنگدان لەسەر بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

روونی كردەوە، هۆكاری بەرهەڵستیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ كردنی شارۆكەی هەڵەبجە بە پارێزگە سیاسییە، چونكە ئەوان مەرجی ئەوەیان بۆ دەنگدان بە پڕۆژەكە داناوە كە بەهەمان شێوە هەردوو شارۆكەی تەلەعفەر لە نەینەوا و خورماتوو لە سەڵاحەدین و شارۆكەی تریش بكرێنە پارێزگە.

محەمەد دووپاتی كردەوە، رێككەوتن لەناو هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت هەبوو و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پێی رازی بوو بەوەی لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی ئێستەی عێراق، هەڵەبجە بكرێتە پارێزگە، بەڵام چوارچێوە لە رێككەوتنەكە هەڵگەڕایەوە و دوای خستنی پڕۆژە یاساكە بۆ دەنگدان لەناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئێستە رەتی دەكەنەوە. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە حوزەیرانی 2013 بڕیاری كردنی شارۆكەی هەڵەبجەی بۆ پارێزگە دا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 13ی ئاداری 2014 واژووی لەسەر بڕیارەكە كرد، لە 13ی ئاداری ئەمساڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسایەك بۆ كردنی هەڵەبجە بە پارێزگە دا و رەوانەی پەرلەمانی كرد.

لە پەرلەمانی عێراق یەكەم و دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەكە كرا، ئێستەش لەكاتی دەنگدان لەسەری، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە بە هۆكاری سیاسی كێشە بۆ دەنگدان دروست دەكەن، كە بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو جارێكی تر بخرێتە دەنگدانەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل