ئەمڕۆ 19ی ئەیلوول دوایین وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهییە لە نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دووپاتی كردەوە كە بنكە و بارەگەی حزبە كوردییەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان لە نزیك سنوورەكانی ئێران چۆڵ كراون و ئەوان بە پەناخواز لە قەڵەم دەدرێن.
بەپێی
بەیاننامەیەكی لیژنەكە، لەسەر بنەمای پابەندبوونی عێراق و ئێران بە بڕگەكانی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی و لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكانی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو دەوڵەت، بنكە و بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات لە نزیك سنوورەكانی ئێران بەیەكجاری هاتە چۆڵكردن.
روونی كردەوە، ئەندامانی ئەو حزبانە بۆ ناوچەیەكی دوور لە سنوورەكان گوازرانەوە و چەكەكانیان وەرگیراوەتەوە، وەك رێخۆشییەك بۆ حسێبكردنیان بە پەناخواز بە پێی مەرج و رێككارییەكانی كۆمسیۆنی پەناخوازان، جیا لەوانە هێزەكانی پاراستنی سنوورەكان لەو ناوچانە بڵاو كرانەوە و بە بەردەوامی لەوێ جێگیر كران.
لای خۆیەوە محەمەد كازم ئالسادق، باڵوێزی ئێران لە عێراق رای گەیاند كە تیمێكی هاوبەشی ئێران و عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی و داماڵینی چەكی حزبە كوردییەكان، روونی كردەوە، هەست بە ویستێكی رژدی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ دەركردنی ئەو حزبانە لە بارەگەكانیان لە ناوچە سنوورییەكان.
ئاشكرای كرد، بۆیە چاودێری بابەتی داماڵینی چەكی ئەو حزبانە لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی دەكەین و تیمێكی هاوبەشی ئێرانی- عێراقی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات.