ژمارەی كوژراوانی رووداوەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی عەربەت زۆر زیاترە لەوەی دژەتیرۆری یەكێتی رای گەیاند، "وشە"، زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات.
بە پێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار كوژراوانی تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت 11 كەس بوون، سێ كەسیان لە گرووپەكەی وەهاب هەڵەبجەیین و هەشت كەسیش سەر بە پەكەكەن.
سەرچاوەیەكی بەرپرس دەڵێت، بەڵام یەكێتی ناوێرێ دانی پێدا بنێت و بڵاوی بكاتەوە.
دوێنی لە فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت رووداوێكی تەقینەوە رووی دا و ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێ كەوتەوە، بەڵام هێشتا وردەكاریی تەواو لەسەر ئەو رووداوە رانەگەیەنراوە. ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەرباری سەركۆنەكردنی رووداوەكە، داوای لە دەزگە پێوەندیدارەكان كرد لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن.
هاوكات دوێنێ "وشە"، ئەوەی بڵاو كردەوە كە گومان لە جۆری تەقینەوەكە هەیە، لەناو یەكێتی زانیاری جیاواز لەوبارەوە بڵاو دەكرێتەوە و بەگوێرەی سەرچاوەكان گومان لەوە دروست بووە، هەندێك دەڵین هێرشی درۆن بووە و هەندێكیش دەڵێن لەكاتی دروستكردنی درۆنی خۆتەقێن، تەقەمەنی لەناو دەستی گرووپێك تەقیوەتەوە.
هەر بە پێی زانیارییەكان هەموو ئاراستەكان روو لە وەهاب هەڵەبجەییە، باس لەوە دەكرێ ئەو گرووپەی لە فڕۆكەخانەكە بوون، سەر بەون و گرووپێكی پەكەكەش كە بە یەكەوە كاریان كردووە لەوێ بوون، ئێستە دەركەوتووە كە ژمارەیەك لە ئەندامانی گرووپەكەی وەهاب هەڵەبجەیی كوژراون، باسی كوژرانی چەند كەسێكی پەكەكەش دەكرێت، بەڵام دژەتیرۆری یەكێتی زانیارییەكان دەشارێتەوە.