دۆزینەوەیەكی زانستی دەكرێ لاوازیی سێكسی چارەسەر بكات

:: PM:09:54:19/09/2023 ‌

یەكێك لە كێشەی ملیۆنان كەس لەسەر زەوی، بەتایبەتی لە پیاوان لاوازیی سێكسییە، بە هۆكاری جیاوازی ئاسایی و نائاسایی مرۆڤ تووشی دەبێت، بەگشتی لە حاڵەتی تووشبوونی جیا لەوەی كاریگەری دەكاتە سەر وەچەخستنەوە، پرۆسەی سێكس، كە لە رەچە سەرەكییەكانی ژیانی مرۆڤ و هەموو بوونەوەرێكە، لەناو دەبات و دەیكاتە مرۆڤێكی پەككەوتە و كار لە تەواوی ژیانی دەكات، دۆزینەوەیەكی زانستی رەنگە ببێتە كلیلی چارەسەری ئەو حاڵەتە.

ئێستە زانایان سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر ژەهری جاڵجاڵۆكەی بەرازیلی، كە لە مەترسیدارترین جۆرەكانی جاڵجاڵۆكەیە لە دنیادا بەهۆی بەهێزیی ژەهرەكەیەوە، ئەوان بەدوای بەكارهێنانی ژەهرەكەین بۆ چارەسەركردنی لاوازیی سێكسی لە پیاوان، بە سوودبینین لە پێكهاتە و تایبەتمەندییەكی ئەو ژەهرە كە چارەسەری لاوازیی سێكسی دەكات. 

ئەگەر ئەو ژەهری ئەو جۆرە جاڵجاڵۆكە بچێتە ناو لەشی هەر كەسێك، ئازار و هەوكردنێكی زۆر دروست دەكات، جیا لە لەدەستدانی كۆنترۆڵی بەسەر ماسولكەكانی و دروستبوونی كێشە لە هەناسەدانی، رەنگە ئەو كەسە تووشی پەككەوتەیی و خنكان ببێتەوە.

هاوكات پێكهاتەیەكی ئەو ژەهرە تایبەتمەندییەكی هەیە كە سەرنجی زانایانی بۆ لای خۆی راكێشاوە، ئەویش " BZ371A"، كە بەشێكی پێكهاتەی ژەهرەكەیە و دەبێتە خێرا پاڵنانی خوێن لە لەشی ئەو كەسەدا، لە حاڵەتی ئاسایی دەبێتە هۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ژەهرەكە لەناو لەشدا، بەڵام زانایان دەیانەوێ سوود لەو پێكهاتەی ژەهرەكە وەربگرن بۆ خێراكردنی پاڵنانی خوێن لەناو لەشی ئەوانەی لاوازیی سێكسیان هەیە بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكەیان.  

تایبەتمەندی ئەو بەشەی پێكهاتەی ژەهری ئەو جاڵجاڵۆكە، دروستكردنی رەقبوونێكی چەند سەعاتی ماسولكەكانی ئەو كەسەیە كە ژەهرەكەی چووتە لەشی، بۆیە زانایان خۆیان بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كلینیكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی ئەو پێكهاتە بۆ چارەسەری لاوازیی سێكسی بەكاربێنن، لە رێگەی جیاكردنەوەی لە تاقیگەدا و هیوایان زوایە دوای چەندان تاقیكردنەوە بگەنە چارەسەری ئەو حاڵەتەی هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان كەس دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل