نەوتی ماڵان هەرزان بوو

:: AM:10:59:20/09/2023 ‌
نەوتی سپیی ماڵان لە هەفتەی رابردوودا بەرمیلێك گەیشتە 180 هەزار دینار، بەڵام لە ئێوارەی دوێنێوە دەستی كردووە بە دابەزین. بازرگانێكی نەوتیش دەڵێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نەوتێكی زۆر هاوردە دەكەین.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول، زیاد حەمە ناسر بازرگانی نەوت لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە دوێنێ‌ ئێوارەوە نرخی نەوتی سپیی ماڵان نرخەكەی هەرزان بووەتەوە.

زیاتر گوتی، لە چەند ڕۆژی رابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی گەیشتە 180 هەزار دینار، ئەمڕۆ نرخەكەی دابەزی بۆ 165 هەزار دینار، پێشبینیش دەكرێت لە كۆتایی مانگ بڕە نەوتێكی باش بگاتە بازاڕەكان، بەهیواین نرخەكەی زیاتر دابەزێت.

باسی لەوەش كرد، دابەزینەكە بۆ ئێمە و بۆ هاووڵاتییان باشە، ئەگەر نەوتی حكوومیش دەست بە دابەشكردنی بكرێ‌، ئەوا بێگومان نرخەكەی روو لە هەرزانبوون دەكات.

" وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی، پێوەندیی بە ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

نزیكبوونەوە لە وەرزری زستان وای كردووە لە ئێستەوە هاووڵاتییان لەبارەی نرخی سووتەمەنی بپرسن و چاوەڕوانیشن بزانە ئەمساڵ عێراق نەوت دەنێرێت یان وەكو چەند ساڵە بەشێكی كەم بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و زوڵمیان لێ‌ دەكات.



وشە - رامیار جەواد