گه‌نجێك به‌هۆی خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچووی هاوڕێكه‌ی 10 ئه‌ندامی جه‌سته‌ى بڕایه‌وه‌

:: PM:03:59:20/09/2023 ‌
گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵ، 10 ئه‌ندامی جه‌سته‌ی له‌ ده‌ست دا، دوای ئه‌وه‌ی خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچووی هاوژووره‌كه‌ی خوارد، بۆیه‌ پزیشكان ناچار بوون دوو قاچى گه‌نجه‌كه‌ و 10 په‌نجه‌ی ببڕنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی گۆڤاری "نیو ئینگڵاند جۆرناڵ" خوێندكارێك دوای 24 سه‌عات له‌ خواردنی پاشماوه‌ی خۆراكی هاوژووره‌كه‌ی، نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و به‌وهۆیه‌وه‌ تووشی چه‌ندان دۆخی ته‌ندروستیی ئاڵۆز ده‌بێت و له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی ده‌بڕنه‌وه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و خوێندكاره‌ دوای خواردنی برنج و مریشكی هاوڕێكه‌ی كه‌ له‌ چێشتخانه‌یه‌ك داوای كردبوو، تووشی له‌كاركه‌وتنی چه‌ندان ئه‌ندامی جه‌سته‌ی و دروستبوونی په‌ڵه‌ی پێست بووه‌ و پله‌ی گه‌رمی له‌شی زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌، لێدانی دڵی 166 جار بووه‌ له‌ خوله‌كێكدا، كاتێك گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، خراوه‌ته‌ ژێر چاودێریی چڕ.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌گوێره‌ی زانیاریی ڕۆژنامه‌ی"میرۆر"ی به‌ریتانی، دوای مانه‌وه‌ی گه‌نجه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، ده‌ركه‌وت شانه‌كانی سه‌ر په‌نجه‌كانی ده‌ستی گه‌نجه‌كه‌ تووشی نه‌خۆشیی گه‌نگرین بوون، هه‌روه‌ها قاچه‌كانیشی تا پێیه‌كانی، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی بڕینه‌وه‌ی هه‌موو په‌نجه‌كانی و بڕینی قاچێكی له‌ خوار ئه‌ژنۆیه‌وه‌.

زۆرجار پزیشكان ڕێنوێنی به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن له‌و خواردنانه‌ی كه‌ ده‌یخۆن، به‌تایبه‌ت خواردنه‌ فاست فووده‌كان، یاخۆ ئه‌و خواردنانه‌ی له‌ چێشتخانه‌كان ئاماده‌ ده‌كرێن، چونكه‌ ده‌كرێت كاریگه‌ریی لاوه‌كی له‌سه‌ر كۆئه‌ندامی هه‌رس و جه‌سته‌ به‌جێ بهێڵن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی خواردنه‌كه‌ ده‌كڕێت نه‌زانێت ئه‌و خۆراكه‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ یان پێكهاته‌كانی ناوی زیانبه‌خشن یاخۆ خۆراكێكی پاك نییه‌.



وشە - كەژاڵ كەمال