محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە زۆریك لە سیاسەتە كۆنەكانی وڵاتەكەی گۆڕی، ئەو بە سەركردەیەكی رەچەشكێن و دووربین و توند لە جێبەجێكرنی بیرۆكە و ئەجینداكانی ناسراوە، ئێستە یاری لەگەڵ تەواوی زلهێزەكانی دنیا دەكات، بەڵام دەتوانێت وڵاتەكەی بكاتە خاوەن تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی و بەیەكجاری لە مەترسیی ئێران و میلیشیاكانی دووری بخاتەوە؟
ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل لە لایەك و دوورخستنەوەی ریاز لە بازنەی هەژموونی رووسیا و چین و ئێران، كە ئێستە پێوەندیی ریاز لەگەڵ ئەوانە زۆر باشە و بەیەكەوە كار بۆ لاوازكردنی باڵادەستی و پێشەنگیی واشنتن بەسەر كەرتی وزە و ئابووری و دارایی دنیا دەكەن، بۆیە ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دوورخستنەوەی لەو سێكوچكە مەترسیدارە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاماژە دەكات كە بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە شارەزایانی ئاسایشی ئەتۆمی لە وڵاتەكەی كردووە، بۆ كاركردن لەسەر یارمەتیدانی ریاز بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئەوەش لە بەرانبەر بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان.
رۆژنامەكە لە چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی و ئیسرائیلی گواستەوە، نەتنیاهۆ رێنوێنی داوەتە گەورە شارەزایانی ئاسایشی ئەتۆمی لە وڵاتەكەی بۆ كاركردن لەگەڵ دانوستانكارە ئەمەریكییەكان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەك بۆ ئەوەی بوار بۆ سعوودیە برەخسێت ببێتە دووەم دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئێران بتوانێت بە ئاشكرا یۆرانیۆم بپیتێنێت.
هەر بە پێی رۆژنامەكە هەریەك لە واشنتن و تەلەئەبیب بەنهێنی كار لەسەر دەستەوارەیەك دەكەن و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ریاز بە رێككەوتن بگەن بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پاڵپشتیی بیرۆكەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە سعوودیە نەكردووە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئەگەر ئەوان بگەن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ریاز، تەلئەبیب مسۆگەری بۆ فەراهەمكردنی چەندان جۆر گەرەنتی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی سعوودیە دەكات، لای خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە هەر پاڵپشتییەكی ئەتۆمی ئیسرائیل بۆ سعوودیە لە ژێر چاودێری توندی ئەمەریكا دەبێت.
بەم دواییە محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە دیدارێكی تۆڕی "فۆكس نیوز"، گوتی، لەبەر هۆكاری تەناهی و بۆ هاوتابوونی هێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی ئەگەر ئێران بەدەستی گەیشت، دەبێت سعوودیەش ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل نزیك بووەتەوە.
روونی كردەوە، بۆ یەكەمجارە پێدەچێت گفتوگۆكان لەبارەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل رژد و راستەقینەیە، ئێمە ژیانێكی باشمان بۆ فەلەستینییەكان دەوێت، بۆیە دەمەوێ گفتوگۆكان لەگەڵ ئیدارەی بایدن لەوبارەوە تەواو بكەم، ئەگەر گەیشتین بە رێككەوتنێك فەلەستینییەكان بە پێویستییەكانیان بگەن و ناوچەكەش ئارام بكات، ئەوە لەگەڵ هەركەسێك كار دەكەین كە سەركردایەتی ئیسرائیل بكات، لە حاڵەتی سەركەوتنی بایدن لە سازكردنی رێككەوتن لە نێوان سعوودیە و ئیسرائیل، دەبێتە گەورەترین رێككەوتن لە دوای شەڕی سارددا.
لە سایەی سووربوونی ئەمەریكا لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، ریاز هەوڵ دەدات سوود لەو ئاساییكردنەوەی پێوەندییانەی لەگەڵ تەلئەبیب ببینێت بە سەپاندنی چەند مەرجێك، لەوانە واژووكردنی پەیماننامەیەكی هاوبەشی بەرگری لەگەڵ ئەمەریكا بۆ ئەوەی واشنتن ناچار بێت رووبەڕووی هەڕەشە و هێرشەكانی سەر سعوودیە ببێتەوە، بەتایبەتی لە لایەن ئێران و حوسییەكان بۆ سەر دامەزراوە گرنگەكانی.
بۆیە ئێستە بەرپرسانی ئەمەریكا و سعوودیە سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ ئامادەكردنی پەیماننامە هاوبەشەكە، بە هاوشێوەی ئەو پەیماننامەی ئەمەریكا لەگەڵ هەریەك لە ژاپۆن و كۆریای باشووری واژوو كردووە، ئەوەش بەدیهێنانی یەكێكە لە گرنگترین مەرجەكانی ریاز بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل.
بەرپرسانی ئەمەریكا بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكییان راگەیاند، بە پێی رێككەوتنەكە ئەمەریكا بەتەواوەتی پابەند دەبێت بە پاڵپشتیكردنی سەربازیی سعوودیە ئەگەر لە ناوچەكە و لەسەر خاكەكەی رووبەڕووی هێرش بووەوە، هەروەها شازادەی جێنشینی سعوودیە داوای لە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە كە یارمەتی ریاز بدات بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەكی مەدەنی ئەتۆمی، ئەو داوایەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا ترسیان هەیە ببێتە پەردەیەك بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەكی چەكی ئەتۆمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، بەوەش دەستەوارەكە دەبێتە زیاتر لە دەستەوارەیەكی ئاساییكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، كاتێك ریاز دەستكەوتێكی گەورەی ستراتیجی لەسەر حیسابی ئەوان زیاتر لە پێوەندییەكی دیپلۆماسی بەدەست دێنێت.