بەنزین نرخەكەی دابەزی

:: AM:10:42:23/09/2023 ‌
بەهۆی زۆربوونی بەنزینی بازرگانی و بەردەوامیی بەنزینی سامانە سروشتییەكان لە دابەشكردن، ئەمڕۆ نرخی بەنزین دابەزینێكی بەخۆیەوە بینی، خاوەن بەنزینخانەیەكیش دەڵێت، ئەگەری هەرزانبوونی زیاتریش هەیە.

لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نووسراوێكی كرد، لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا هاتووە سەرجەم بازرگانانی بەنزین دەتوانن بەنزین هاوردە بكەن، ئەوەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی بوو.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئەیلوول، ئاسۆ حاجی محەمەد بازرگانی بەنزین، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوو ڕۆژە بەهۆی زۆریی بەنزین لە بازاڕەكان، نرخەكەی روو لە دابەزینە و ئەمڕۆ لە بەنزینخانەكان بڕی 50 بۆ 100 دینار هەزرانتر دەفرۆشرێت.

زیاتر گوتی، كوالێتیی بەنزین زۆر رەچاو دەكرێت، ئێستە لە هەندێك بەنزینخانە لیترێك بە 730 دینارە، گرانترینیشی بە 925 دینارە، بۆیە ئەو نرخە لە گۆڕانكاریی بەردەوامدایە.

باسی لەوەش كرد، ئەو بەنزینەی ئێستە بە بەنزینی سامانە سروشتییەكان ناسراوە، دابەشكردنی بەردەوامە، ئەوەیش ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە هەرزانبوونی نرخی بەنزین.

هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە سەرووی سێ‌ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەشی زۆری ئەو بەنزینە لەڕێی بەنزینی بازرگانی دابین دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد