ئەمساڵ ساڵێكی تری كارەسات بوو، لە شوباتی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەكی بەهێز توركیا و سووریای هەژاند و قوربانییەكی زۆری لێ كەوتەوە، ئەم مانگەش لە مەغریب بە هەمان شێوە، زانایان دەڵن لە رووی زانستییەوە شتێك نییە كە كات و شوێنی بوومەلەرزە دیاری بكات، ئەوەی هەیە هەندێك ناوچە كەوتوونەتە سەر هێڵی بوومەلەرزە و ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیان زیاترە، زانا هۆڵەندییەكە جارێكی تر وریایی دەدات بەوەی بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەرێگەوەیە.
ئەمڕۆ شەموو
فرانك هۆگربیتس، زانای هۆڵەندی لە سایتی دەستەی جیۆلۆجی " SSGEOS "، كە خۆی سەرپەرشتی دەكات، وریاییكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە بەوەی لە چەند سعاتی داهاتوو ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز گوڕەكەی دەگاتە 8.5 پلە بە پێوەری رێختەر هەیە، دوای ئەوەش چەندان لەرینەوەی زەوی بە گوڕی شەش پلە لە نێوان 26 بۆ 28ی ئەم مانگە دروست دەبێت.
ئەو زانایە هۆكار و بنەمای پێشبینییەكەی بۆ هاتنەسەر یەك هێڵ و ئاستی هەسارەكانی مەریخ و عەتارد و موشتەری لە 22ی سێپتێمبەر گەڕاندەوە، كە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی زەوینلەرزەیەكی بەهێز لە 23 و 24ی ئەم مانگە، واتە ئەمڕۆ و سبەی.
ناوی ئەم زانایە دوای روودانی بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا بەدیار كەوت، كاتێك پێش بوومەلەرزەكە پێشبینی روودانی بوومەلەرزەی كردبوو، بۆیە كە رووی دا، وریاكردنەوەكانی ئەو زانایە بوونە جێی ترس و دڵەڕاوكێ لە دنیا، بەتایبەتی كە هیچ ئامراز یان دەزگەیەكی تر بۆ پێشبینیكردن نەبوون.
ماوەیەك بەر لە ئێستە ئەو زانایە پێشبینی كرد كە لە 19 تا 21ی ئەم مانگە شەپۆلێكی تسۆنامی روو دەدات، لەو بارەوە دەڵێت، پێدەچێت زۆرێك لە تێكەڵكردن و زانیاری هەڵە پێوەست بە شیكردنەوە و پێشبینییەكانی پێشووی هەبووبن، بۆیە لە داهاتوو زیاتر روونیان دەكاتەوە.