"هاووڵاتییانی هەرێم دەتوانن لە رێگەی بانكی نیشتمانییەوە سوود لە قەرز و پێشینەكان وەربگرن"

:: PM:09:55:23/09/2023 ‌

د. خالید حەیدەر، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر گرنگی و كاریگەریی دامەزراندنی بانكی نیشتمانی، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیكاتەوە، ئەو باس لەوە دەكات كە ئەو بانكە بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و وەك هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن راستەوخۆ لە قەرزی پێشینەكان و نرخی فەرمیی دۆلار سوودمەند بن.

*گرنگیی بانكی نیشتمانی و كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێم چییە؟

حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەسەر دامەزراندنی بانكی نیشتمانی لە هەرێم رێك كەوتوون، ئەو بانكە دەسەڵاتی پێ دەدرێت لە رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنی، وەك چۆن بانكەكانی عێراق ناو دەنووسن و دۆلار بە نرخی فەرمیی بانكی ناوەندی وەردەگرن بۆ كاروبارەكانی خۆیان و هەر شتێكی تر، ئەو بانكە نیشتمانییەش كە لە هەرێم دەكرێتەوە، هەمان دەسەڵاتی ئەو بانكانەی عێراقی دەبێت، جیا لە چالاكیی بازرگانی و بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران.

*دامەزراندنی بانكەكە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار؟

بەڵێ، هەر بڕە پارەیەك لە بەغداوە بێت، هەموو ئاسانكارییەك بۆ كاروباری حكوومەت دەكات، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی كە حكوومەت لە رێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلارەوە كە بانكی ناوەندی بڕیار دەدات بیفرۆشێت، بەشێكی دەداتە بانكی نیشتمانی و لە هەرێمەوە دەفرۆشرێت، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر باشە و نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێم جێگیر دەبێت.

*فەرمانبەرانی هەرێم دەتوانن لە رێگەی بانكی نیشتمانییەوە بەهاوشێوەی عێراق لە پێشینەكان سوودمەند بن؟

بەڵێ ئەوە كاری فەرمی ئەو بانكەیە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن سوود لەو قەرز و پێشینانە وەربگرن كە بانكەكانی عێراق بۆ هاووڵاتییانی عێراق بەردەستی دەخەن، هاووڵاتییانی هەرێمیش دەتوانن ئەو قەرز و پێشینانە وەربگرن، بانكی نیشتمانی دەتوانێت پارە بداتە بانكەكانی تر و هاووڵاتییان دەتوانن لەوێوە بەناوی قەرز و پێشینە سوود لەو پارانە وەربگرن، هەروەها هەموو وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەو بانكەوە پارە و بودجەی خۆیان وەردەگرن.

*كاریگەریی ئەو بانكە لەسەر بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان چییە؟

بانكی نیشتمانی واتە تەواوی خزمەتگوزاری و كارەكانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، هەروەها كۆمپانیاكان لەگەڵ ئەو بانكانە مامەڵە دەكەن، بەشێوەیەكی زۆر باش دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان دەبوژێتەوە و پێش دەكەوێت و پارەی كاش لە بازاڕ زیاتر دەبێت و دەستاودەست دەكات.

*پێدانی قەرز و پێشینەكان لە رێگەی ئەو بانكەوە كاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەكات؟

بەشێكی ئەو رۆڵەی بانكی نیشتمانی دەیگێڕێت، پێدانی قەرزە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بازاڕ دەجووڵێنێت و ئابووری بازاڕ دەبوژێنێتەوە و هاووڵاتییان ترسی پارەیان نابێت، فەرمانبەر دەتوانێت بە پێی مەرج و رێنماییەكانی بانك پارە رابكێشێت و كارەكانی خۆی بكات، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەمووانە لە دوكاندار تا وەبەرهێنەر و ئەوانەی هەر كەلوپەلێك لە بازاڕ دەفرۆشن، هەروەها بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و وەبەرهێنانی زیاتر.

*ئەم بانكە تا چەند گرفتی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەكات، واتە لە رووی ئەوەی فەرمانبەران كارتیان بۆ بكرێت و بە كارت مووچە وەربگرن؟

رەنگە ئەمە سیاسی بێت و پێوەندی بە هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقەوە هەیە، دەبێت حكوومەتی هەرێم لەوبارەوە رەزامەندی بدا و تا رادەیەكی زۆر باشیش رەزامەندی داوە، بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێتە ئەلیكترۆنی.

*جیاوازی بانكی نیشتمانی لەگەڵ لقی بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر چییە؟

بە دامەزراندنی ئەو بانكە نیشتمانییە، هەموو دەسەڵاتەكانی پێ دەدرێت كە وەك بانكەكانی عێراق بەفەرمی كار بكات، بەڵام لقی بانكی ناوەندی لە هەولێر دیارە ئەو دەسەڵاتانەی پێ نەدراوە، بۆیە بانكی نیشتمانی رۆڵی گرنگی دەبێت.

*دەكرێ لقی ئەو بانكە لە شارەكانی تر بكرێتەوە؟

بانكی ناوەندی تەنیا لە بەغدا هەیە و لە شارەكانی تر نیەتی، بانكی نیشتمانیش تەنیا لە هەولێر دەبێت و پێوەندی لەگەڵ بانكەكانی تر لە شارەكان دەبێت، هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستوورییە، بۆیە كردنەوەی لە هەولێر ئەوەش ئاساییە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل