دەرمانێك چاوی دەیان نەخۆش كوێر دەكات

:: PM:05:52:24/09/2023 ‌

لە پاكستان جۆرە دەرمانێك لە لایەن حكوومەتی ئەو وڵاتەوە لە بازاڕەكان راكێشرایەوە كە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە چاوی دەیان نەخۆش تا ئاستی كوێربوون، بەتایبەتی نەخۆشانی شەكرە، بۆیە ئێستە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و پۆلیس بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێت كە دەرمانەكەیان هێناوە.

نەدیم جان، وەزیری تەندروستی پاكستان لەو بارەوە ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، دەرمانێك لە بازاڕەكان كێشراوەتەوە كە لە رێگەی درزی لە نەخۆشانی شەكرە دەدرێت، بووەتە هۆی هەوكردنی چاوەكانیان و لەدەستدانی هەستی بینین، رووداوەكە لە هەرێمی بنجاب رووی داوە و ئێستە لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەكرێت.

روونی كردەوە، حكوومەتی ناوخۆیی بنجاب لیژنەیەكی لە پێنج شارەزا بۆ تاوتوێكردنی بابەتی ئەو دەرمانە و پێشكەشكردنی راپۆرتیان لە ماوەی سێ رۆژ پێكهێناوە، دۆسیەیەك لە دژی دوو هاوردەكاری هەڵاتوو تۆمار كراوە ئەو درزیانەیان هێناوە بەناوی "ئاڤاستین"، كە لە ناوخۆی وڵات دروست دەكرێت.

لای خۆیەوە جەمال ناسر، وەزیری تەندروستی لە هەرێمی بنجاب رای گەیاند كە نەخۆشانی شەكرە لە ناوچەكانی لاهوور و كاسوور و ناوچەی تر، ئەو جۆرە درزییە بۆ چارەسەركردنی تێكچوونی تۆڕینەی چاویان بەكاردێنن، بەڵام درزییەكە بووەتە هۆی دروستبوونی هەوكردنێكی مەترسیداری چاو و لە كۆتاییش بۆ كوێربوونی دەیان نەخۆش.

شایەنی باسە تەندروستی مرۆڤ هەر پێوەست نییە بە شێوازی تەندروستی ژیان و خۆراكەوە، چونكە زۆر جار مرۆڤ ناچار دەبێت كە پەنا بۆ بەكارهێنانی دەرمان و چارەسەری ببات، بەڵام دەرمانی ساختە و پیسبوو و ئێكسپایەر و ئامرازی پیسبووی نەشتەرگەری، چەندان جار كارەساتیان دروست كردووە و ژیانی سەتان نەخۆشیان گەیاندووەتە مەترسییەكی راستەقینە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل