راپۆرتێك: یەكێتی لەوەتەی دامەزراوە بە خراپترین قۆناغەكانیدا تێپەڕ دەبێت

:: PM:06:13:26/09/2023 ‌

بڕیارە سبەی چوارشەم پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت، چەند رۆژێك پێش بەستنی كۆنگرەكە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو حزبە وازهێنان یان پاشەكشەیان لە كۆنگرەی حزبەكە راگەیاند، ئەوەیش رەنگدانەوەی قووڵیی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی ئەو حزبەیە.

دۆخی سیاسی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، حزبی دەسەڵاتدار لە پارێزگەی سلێمانی بەهۆی زۆریی ناكۆكییەكانی نێوان سەرانی نەوەی كۆنی حزبەكە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی ئێستەی یەكێتی گڕی گرتووە، ئەوەش بەهۆی دەستگرتنی تاكلایەنەی بەسەر بڕیاری حزبەكە لە لایەك و هاوپەیمانیكردنی لەگەڵ گرووپە چەكدار و میلیشیاكان لە لایەكی ترەوە، كە وای كردووە یەكێتی بە خراپترین قۆناغەكانی لەوەتەی دامەزراوە لە حەفتاكانی سەتەی رابردوودا بڕوات.

بڕیارە سبەی یەكێتی پێنجەم كۆنگرەی خۆی ساز بكات، كە پێویستە گۆڕانكاری لە پەیكەری رێكخستنەكانی حزبەكە بكرێت، بەو شێوەیەی پێویستییەكانی قۆناغی داهاتوو پڕ بكاتەوە و بەو شێوەیەی خزمەت بە گەلی كورد و جەماوەری یەكێتی بكات، ئەوە بە پێی بەیاننامەكانی دوایی حزبەكە، بەڵام ناكۆكییە ئاشكراكانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دۆخێكی ناجێگیر بەسەر حزبەكەدا زاڵە، بەهۆی تاكڕەویی بافڵ تاڵەبانی بە بڕیارەكانی.

بەم دواییە مەلا بەختیار، سەركردەیەكی یەكێتی بایكۆتی كۆنگرەی حزبەكەی راگەیاند، ئەو بەرپرسیارەتی ئامادەنەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی لە پێنجەم كۆنگرەی حزبەكە خستە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی، كاتێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ماوەی سەعاتێك و 35 خولەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵای  بەرژەوەندییەكان قسەم كرد، بەڵام لەو بارەوە بە رێككەوتن نەگەیشتین، بۆیە بەرپرسیارەتی بەشداری نەكردنی من و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا لە پێنجەم كۆنگرەی یەكێتی دەكەوێتە ئەستۆی بافل تاڵەبانی.   

لەوبارەوە مەلا بەختیار بە "عەرەبی ئەلجەدید"ی گوت، ئێستە یەكێتی بە دۆخێك لە ناكۆكیی ریشەیی تێپەڕ دەبێت كە ئێمەی بە توونێلێكی تاریك و داخراو گەیاندووە، تاوتوێی ئەو دۆخەی ئێستەی حزبەكەمان كرد و بۆمان دەركەوت ئەنجامی كۆتایی پێنجەم كۆنگرەی یەكێتی شكستخواردنە، وەك چۆن چوارەم كۆنگرەی حزبەكە شكستی خوارد، ئەوەش بەهۆی لادان لە بەها حزبییەكان لەناو یەكێتی و گۆڕانی لە حزبێكی سۆسیالیستییەوە بۆ حزبێكی تاك بنەماڵەیی، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرژەوەندییەكان نەوەك بەها و پرەنسیپەكانەوە.

ئەو سەركردەی یەكێتی دووپاتی كردەوە، ئێستە یەكێتی خاوەن هیچ رێككەوتنێكی روون نییە لەگەڵ حزبەكان لە بەغدا و لە هەرێمی كوردستانیش بەو شێوەی مافی كورد مسۆگەر بكات، هەروەها بافڵ تاڵەبانی بەسەر حزبەكە باڵادەستە و بە هەوەسی خۆی و بەو شێوەی دەیەوێ هەڵسوكەوت دەكات. 

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان چوارەم كۆنگرەی خۆی لە 21ی كانوونی یەكەمی 2019 لە شاری سلێمانی بەست، كە یەكەم كۆنگرە بوو لە دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی و دامەزرێنەری حزبەكە، لەو كۆنگرەیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆك هەڵبژارد، بەڵام دواتر لە 8ی تەمووزی 2021 بافڵ لە لاهوور هەڵگەڕایەوە و لە حزبەكەی دەركرد. 

ئەمڕۆ سێشەم رۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی پێنجەم كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی‌ پەیامێكی‌ بڵاو كردەوە و گوتی، كۆنگرەیەك كە بێباكانە گوێ بە سەركردە و خەباتی چەندان ساڵەی تێكۆشەرە ماندووەكانی نەدات، ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حزبەكە پەراوێز بخات، كۆنگرەیەك لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەكانی كەسوكاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و كادیرەكانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەكانیان نەدات، بۆ ئەوەیە مەرامەكانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاكڕەوانە ژمارەیەك ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێكی چەند سەد كەسیدا پەلكێشی هۆڵی كۆنگرە بكەن.

دووپاتی كردەوە، لە دوای هەشتی‌ تەمووزەوە یەك دەستكەوتمان پێ بڵێن كە بۆ یەكێتی و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان تۆمارتان كردبێت، ئێستەش بەم كۆنگرەیە دەتانەوێ سەركردایەتییەكی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانن رەخنە لە شكست و هەڵەكانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بكەن، بۆیە ئەوەی ئێستە لە ناوخۆی یەكێتی و هەرێم دەگوزەرێت كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن، كە بانگەشەی چاكسازییان دەكرد، بەڵام چییان لەو حزبە كردووە، رۆژ نییە یەكێتی تووشی شكستی سیاسی و دیبلۆماسی و دیموكراسی نەكرێت.

لای خۆیەوە سەركەوت زەكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی كرد كە لە پێنجەم كۆنگرەی حزبەكە سێ ئەنجوومەن دادەمەزرێن، ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی بەرژەوەندییەكان و ئەنجوومەنی راوێژكاری و پاڵپشتی، هەروەها گۆڕانكاری لە پەیكەری حزبەكە و ئۆرگانەكانیدا دەكرێت، كاتێك ژمارەی نووسینگە و مەڵبەندەكانی رێكخستن لەسەر بنەمای ئەركی دامەزراوەكان كەم دەكرێنەوە، هەروەها ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەكرێتە 10 ئەندام و ژمارەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش لە 51 ئەندام پێكدێت، بە بافڵ تاڵەبانیشەوە.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی دووپاتی كردەوە، گۆڕانكاری لە سیستمی ناوخۆیی حزبەكە دەكرێت و پرەنسیپی مەركەزیەت لە رێكخستنی حزبی جێگیر دەكرێت، كۆدەنگی لە بڕیاردان دەبێت و دوای ئەو كۆنگرەیە یەكێتی دەبێتەوە حزبی زەحمەتكێشان و جەماوەر، لەگەڵ گۆڕینی میكانیزمی بەڕێوەبردنی حزبەكە، بەوشێوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و خواستی گەلی كوردستان بەدی دێنێت.



وشە - تایبه‌ت