"سیستمی پریپەید بۆ هاوبەشانی كارەبا دادەنرێ و نرخیان لەسەر گران ناكرێت"

:: PM:09:41:26/09/2023 ‌

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە كارەبا و سیستمی پریپەید، ئەو باس لەوە دەكات كە سیستمی پریپەید بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، دووپاتیش دەكاتەوە كە نرخی كارەبا لەسەر هاووڵاتییان گران ناكرێت، هیچ بەرنامەیەكیش نییە بۆ ئەوەی كارەبای 24ی سعاتی بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.

*سیستمی پریپەید لە چەند شوێنێك دانراوە، بۆ كۆڵان و گەڕەكەكانی شار و شارۆكەكانیش دادەنرێت؟

ئەو سیستمە بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا لە چوارچێوەی پێوەری زیرەك دادەنرێت، قۆناغ بە قۆناغ بۆ هەموو شوێنەكان دادەنرێت، بەڵام ئەو بابەتە بە توانای بەردەست بەستراوەتەوە، بەڵام هەموو ناوچەكان ئەو پریپەیدەیان بۆ دادەنرێت، خەڵك وا تێگەیشتوون كە كارەبا كرا بە پریپەید نرخەكەی گران دەبێت، راستییەكەی پریپەید پێوەندی بە نرخەوە نییە.

*بۆ ئەمساڵ سیستمی پریپەید بۆ هاوبەشانی تر لە شار و شارۆكەكان دادەنرێت؟

ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەو توانایەی لە پێوەرەكەدا هەیە كە بە سەنتەری كۆنترۆڵی داتا لە وەزارەتەوە بەستراوەتەوە، لەگەڵ پێداویستییە تەكنیكییەكانی كە لە سیستمەكەدا لە بازاڕ و گەڕەك و شوێن و ناوچەكان هەیە، كارەكان بە هێواشی دەكرێن و قۆناغ بە قۆناغە و ئاسان نییە.

*هیچ ناوچەیەك لە پلاندا هەیە كە وەك تێست كارەبای بۆ بكرێت بە پریپەید؟

لە وەزارەت كۆبوونەوە كرا و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەگەڵ بەشی فرۆشتنی وزە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پێوەری زیرەك راسپێردراون بۆ ئەوەی لیستەكان ئامادە بكەن، تا لەگەڵ كۆمپانیا و لایەنە پێوەندیدارەكان دەست بە كاركردن بكرێت.

*كەوتنەكاری ئەو سیستمە تا چەند كارەبای بەفیڕۆدراو دەگەڕێنێتەوە؟

پریپەید دوو سوودی هەیە، ئەوانیش سەرەتا پارە دەدەیت، هەروەها هاووڵاتی پلان بۆ ئەوە دادەنێت كە ئەو وەحدەیە بەشی زۆرترین كاتی بكات، ئەوە بۆخۆی گەڕانەوەی پارەی زیادەیە بۆ خەڵك و هاوكات بەفیڕۆنەدانی كارەبایە.

*بۆ زستانی ئەمساڵ لە رووی ژمارەی سعاتەكانی پێدانی كارەبا پێشبینی چی دەكرێت؟

ئەو بابەتە پێوەستە بە بەرهەمی كارەباوە، سووتەمەنی و پارە بەردەست دەبێت بۆ ئەوەی چاكسازی بكەین، هەروەها دەمێنێتەوە سەر خواست و دابەزینی پلەكانی گەرما، ئەگەر زستانێكی سەخت بێت و سەرمای وشكە هەبێت، جیاوازە لەوەی زستانێكی تەڕ بێت، ئەگەر باران هەبێت خواست كەمترە لەسەر كارەبا بە بەراورد بەوەی هەوای سارد و وشك هەبێت.

لە زستاندا رۆژ هەبووە باران بووە، بەڵام خواست لەگەڵ رۆژێكی تر كە سەرمای وشكی هەبووە 500 مێگاوات كەمتر بووە، واتە لەكاتی سەرمای وشك خواست زیاترە وەك لەكاتی باران، بۆ ئەم مانگە گوتوومانە لە نێوان 16 بۆ 18 سعات كارەبا دەدەینە هاووڵاتییان، خواست لەسەر كارەبا لە سەرو 4500 مێگاواتە و بەرهەمیش لە 3500 دەبێت.

* كەی كارەبای كوردستان دەكرێتە 24 سعاتی؟

دیار نییە كەی كارەبا دەكرێتە 24 سعات، هەمووشت دەمێنێتەوە سەر فەراهەمبوونی پارە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانمان. 

*نارەزایەتیی دانیشتووانی سیتییە های كۆستەكان كاریگەری لەسەر دانانی سیستمی پریپەید دەبێت؟

كە سیستمی پریپەیدمان لە سیتییەكان دانا، وەك تاقیكردنەوەیەك بوو ئاخۆ لە رووی خزمەتگوزاری و دارایی و تەكنیكییەوە چۆنە؟، لە دوو لاوە هیچ گرفتی نەبوو و خەڵكی سیتییەكان زۆریان پێ باش بوو، بەڵام لە رووی نرخەوە ناڕەزایەتی هەبوو، بۆیە دەستبەجێ لە كۆبوونەوەدا بڕیارمان دا نرخ لە 156 دینارەوە بكەینە 100 دینار.

*سیستمی پریپەید نرخ لەسەر هاووڵاتییانی كۆڵان و گەڕەكەكان گران دەكات؟

نەخێر، هیچ پێوەندی بە نرخەوە نییە، هەر وەك رابردووە و دەمێنێتەوە سەر ئەو ماڵانە كە چۆن كارەبا بەكاردێنن، پریپەید پێوەندی بە نرخەوە نییە، هی سیتییەكان 24 سعاتییە، شوێنە گرانبەهاكانە و نرخی مۆلیدەیان زۆر گرانە، سەرەتا هاتین مۆلیدەكانمان لابرد و نرخێكمان دانا، دواتر بۆمان كەم كردنەوە، هەموو سیتییەكان كە پریپەیدیان بۆ دانراوە 40 هەزار هاوبەشن لە یەك ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشی كارەبا، بۆیە پریپەید بۆ دەرەوەی سیتییەكان پێوەندی بە كارەبای 24 سعاتی و نرخەوە نییە، چۆن كارەبا هەبووە هەر ئاوایە، نرخەكەی چۆنە هەر ئاوا دەمێنێتەوە، تەنیا لە سەرەتاوە پارە دەدرێت.

*ئەوانەی پارەی كارەبا نادەن كارەباكەیان دەبڕدرێت؟

بەڵێ، زۆر شوێن هەیە كە پارەی كارەبا نادەن، بەتایبەتی شوێنە بازرگانییەكان، لە هەموو شارەكان هەڵمەتی بڕینی كارەبا هەیە و بەردەوام كارەبای ئەو شوێنانە دەبڕدرێت كە پارەی كارەبا نادەن.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل