بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەی پێنجەمی ببەستێت، هاوسەرۆكی یەكێتی بانگێشتی زۆربەی سەركردەی حزبەكانی كردووە وەك میوان لە دەستپێكی كۆنگرە ئامادە بن، بەڵام زۆربەیان رەتیان كردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئەیلوول، پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بۆ دەستپێكی كۆنگرە هاوسەرۆكی یەكێـتی بانگێشتنامەی بۆ زۆربەی سەرۆك حزبەكان ناردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" تا ئێستە ئەوەی زانراوە لە ناردنی بانگێشتنامە بۆ حەوت سەرۆك حزب، تەنیا یەكیان ئامادەیی پێشان داوە بەشداریی كۆنگرەكە بكات.
ئەوەیش روون بووەتەوە، حزبەكانی تر وەڵامیان داوەتەوە كە لەسەر ئاستی ئەندامی سەركردایەتی، بەشداریی ئەو كۆنگرەیەكی یەكێـتی وەك میوان و دەستپێكی كۆنگرە دەكەن، تەنیا بۆ ئەوەی ئەو پێوەندییە سیاسییەی هەیە نەگات بە خاڵی سفر.
كێشەكانی كۆنگرەی یەكێتی تا ئێستە بەردەوامە، پەیامەكەی دوێنێی لاهوور شێخ جەنگی هێندەی تر یەكێتییەكانی بێهیوا كرد كە ئەو حزبە جارێكی تر یەكگرتوویی بەخۆیەوە ببینێت.
ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بەڕێوە دەچێت، دەنگی ناڕەزایەتییەكان لەناو یەكێتی بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی هیچ وەڵامێكیان بۆیان نییە.