نزیکەی 100 پاڵێوراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تۆمەتی پێوەندییان لەگەڵ رژێمی بەعس لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن دوور خرانەوە و ناوەکانیان سڕایەوە.
دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری رۆڵی هەبووە لە دوورخستنەوەی ئەو پاڵێوراوانە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردووە دوورخستنەوەی ئەو 100 پاڵێوراوە ناڕەزایەتیی سوننەکانی لێ کەوتووەتەوە.
ئەو ئاماژەی داوە لە شەش هەزار پاڵێوراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناوی 100 کەس لە لایەن دەستەکە بڵاو کراوەتەوە و باس لەوە دەکرێ لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس کادیری باڵای ئەو حزبە بوون یان رۆڵیان لە حزبەکەدا هەبووە و تەنانەت لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا لێپرسراویەتییان هەبووە.
لەو پاڵێوراوانەی کە لە هەڵبژاردن دوور خراونەتەوە ناوی هەر یەک لە نەجم جبووری پارێزگاری ئێستەی نەینەوا، خەزعەلی عەوادی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل و تورهان عەبدولڕەحمان لە رێبەرانی پایەبەرزی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک بەرچاو دەکەون.
جێی باسە عێراق لە ساڵی 2003 و لە دوای رووخانی رژێمی بەعس یاسای بنبڕکردنی بەعسی پەسند کرد و یاساکە لە ساڵی 2008 ناوەکەی بۆ دەستەی لێپێچینەوە و دادپەروەری گۆڕدرا.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رای گەیاندووە 296 حزب و پارتی سیاسی لە چوارچێوەی 50 هاوپەیمانێتیدا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بەشداری دەکەن و بۆ دیاریکردنی 275 کورسی رەکابەرێی یەکتر دەکەن.
لەو کورسییانە 75یان وەک پشکی ژنان و 10 کورسیی تریش بۆ کەمینە و پێکهاتەکان دەستنیشان کراوە. لە 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.