واست.. حەوت كەسی یەك خێزان لە ئەنجامی رووداوێكی هاتوچۆ لە ئاهەنگی بووكگواستنەوەدا گیانیان لە دەست دا

:: PM:10:11:29/09/2023 ‌
محەمەد جەمیل مەیاحی پارێزگاری واست رای گەیاند، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ لە یەك خێزاندا حەوت كەس گیانیان لە دەستدا كە بەشدار بوون لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوە لە شارەدێی زوبەیدییە لە باكوری شاری كوت. 

ئەمڕۆ هەینی 29ی ئەیلوولی 2023، پارێزگاری واست بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆی سەختەوە لە شارەدێی زوبەیدیە لە شاری تكریت حەوت كەسی یەك خێزان گیانیان لە دەست دا. 

پارێزگاری واست رای گەیاند، لەكاتێكدا هاوخەمی و داخی خۆمان دەردەبڕین بەهۆی ئەم رووداوە دڵتەزێنە، داوا لە شۆفێران دەكەین كە پابەندی تەواوی رێنوێنییەكانی هاتوچۆ بن و ئەم بۆنە خۆشانە نەگۆڕن بە تازییە و بۆنەی ناخۆش. 

ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە سێشەم لەسەر چوارشەم لە شارەدێی حەمدانییە لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵی ئاهەنگێڕاندا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لە دەستدا و 150ی تریش بریندار بوون. 

لەلایەكی تریشەوە هەر لە ئاهەنگی بووكگواستنەوەدا لە رۆژی چوارشەم،  زیاتر لە 260 كەس بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بوون لە شارەدێی حەوێجە لە پارێزگای كەركووك.


وشە - تایبه‌ت