میزەچۆڕكە چییە و چۆن ئەو حاڵەتە لەناو ژن و پیاواندا دەستنیشان دەكرێت؟

:: PM:01:25:01/10/2023 ‌
میزەچۆڕكە یەكێكە لەو حاڵەتانەی كە زۆربەی ئافرەتان و پیاوان تووشی دەبن، بۆهۆی ئەو حاڵەتە تووشی چەندان گرفتی دەروونی بوونەتەوە، پزیشكێكیش دەڵێ، میزەچۆڕكە نەخۆشی نییە، بەڵكو كۆمەڵە نیشانەیەكی نەخۆشییە لەناو ئافرەتان و پیاواندا.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی یەكەم، ئاراس حەمەسەعید دكتۆری هەناو، بە "وشە"ی راگەیاند، میزەچۆڕكە خۆی نەخۆشی نییە، بەڵام ئاماژەیە بۆ كۆمەڵێك نەخۆشیی تر، نەخۆشییەكانیش دەكرێت لە نێوان رەگەزەكاندا جیاوازی هەبێت، لە پیاواندا بەشێوازێك جیاوازی هەیە و لە ئافرەتاندا كۆمەڵێك هۆكاری تری هەیە.

ئەو پزیشكە دەڵێ، "دەكرێ لە پیاواندا هۆكاری میزەچۆڕكە گەورەبوونی پرۆستات بێت، یا هەر هۆكارێكی تر لە پرۆستات هەبێت، بۆ نموونە گیرانی بۆڕی میز لە دوای میزەڵانەوە، هەندێك جار هۆكارەكەی بۆ هەوكردنی زۆر دەگەڕێتەوە كە دەبێتە هۆی ئاوسان لە بۆڕییەكانی میز، ئەوكاتە ئەو كەسە ناتوانێت بەتەواوی میزەڵانی خاڵی بكاتەوە، لەبەر ئەوە هەندێك جار میزەچۆڕكە روو دەدات و هەست دەكات میزەڵانی خاڵی نەبووەتەوە، بۆیە چەند جارێك ئەم كردارە روو دەدات و میزەچۆڕكە دروست دەبێت".

زیاتر گوتی، لە ئافرەتانیش بەهەمانشێوە، بەڵام ئەوەی ئافرەتان جیاوازترە و كەمترە، لەبەرئەوەی ئەگەر گیرانی بۆڕیی میز بێت، هۆكارەكەی زیاتر هەوكردنە، كۆمەڵێك هۆكاری تریش هەن بۆ نموونە كاتێك ئافرەتان دووگیانن و كێشە لەسەر میزەڵان بێت، دەكرێت زوو زوو میز بكات یان تووشی میزەچۆڕكەی بكات، یا ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، یاخۆ هۆكارێكی تریش دەمارە، هەندێك دەمار هەیە كۆنترۆڵی میزكردن ناكات بەتەواوی، ئەو دەمارانەی بەرپرسن لەسەر دەست بەسەرداگرتنی ئەو ماسولكانەی بەرپرسن لە راگرتن و كۆنترۆڵكردنی میزكردن، دەكرێت رووداوێك رووی دابێت جا لە پشتیدا بێت یا هۆكارەكەی هەر دەماری بێت، ئەوانەی شەكرەیان هەیە دوای ماوەیەك دەمارەكەیان تووشی ئەمیرۆكاپی دەبێت، دەكرێت هەموو ئەو حاڵەتانە ببنە هۆكاری میزەچۆڕكە.

"چارەسەر بۆ میزەچۆڕكە بەپێی هۆكارەكەیەتی، چ هۆكارێك وایكردووە ئەو كەسە تووشی میزەچۆڕكە ببێت، ئەگەر هۆكارەكە پرۆستاتە، دەبێت كەسەكە نەشتەرگەریی پرۆستات بكات، یاخۆ چارەسەر وەربگرێت تا ئەوەندەی پرۆستاتەكەی بچووك دەبێتەوە، ئەوەش شتێكی دەگمەنە و زۆربەی كات چارەسەر نەشتەرگەرییە لە پیاواندا، لە ئافرەتانیشدا ئەگەر گرفتەكەی هەوكردن بوو، دەبێت چارەسەری بكات، ئەگەر هۆكارەكەشی دەماری بێت، بەپێی ئەوەی چ جۆرە نەخۆشییەكە و هۆكارەكە چارەسەر كرا، ئەوكاتە میزەچۆڕكەكەی چارەسەر دەبێت". دكتۆر ئاراس وا دەڵێ.


وشە - لاڤین عومەر