گه‌نجێك به‌هۆی خواردنی حه‌بی ڤیاگرا كوێر بوو

:: AM:11:50:15/10/2023 ‌
حه‌بی ڤیاگرا جۆرێكه‌ له‌و چاره‌سه‌رییانه‌ی له‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا به‌كارهێنه‌ری هه‌یه‌، پیاوێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵانی ئێرانی دوای خواردنی حه‌به‌كه‌، چاوێكی كوێر بوو.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یل"ی به‌ریتانی، ئه‌و پیاوه‌ كه‌ ناوی نه‌هاتووه‌، دوای خواردنی حه‌به‌كه‌ بینایی چاوی ڕاستی له‌ ده‌ست داوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پزیشكان هه‌وڵێكی زۆریان له‌گه‌ڵ داوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بینایی، به‌ڵام زیانێكی زۆر به‌ر هه‌سته‌وه‌رییه‌كانی چاوی كه‌وتبوون.

سیلدێنافیل پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ حه‌بی ڤیاگرای شین، كێشه‌ له‌ بۆڕییه‌ هه‌ستیاره‌كانی تری له‌شدا دروست ده‌كات، وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ چاودا هه‌ن.

پیاوه‌كه‌ دوای سێ سه‌عات له‌ خواردنی 100 میلیگرام سیلدێنافیل، له‌ناكاو تووشی له‌ده‌ستدانی بینایی بوو.

پشكنینه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ ئه‌و پیاوه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستیی نه‌بووه‌، دوای خواردنی حه‌به‌كه‌ تووشی مه‌ینی خوێن بووه‌ له‌ خوێنبه‌ره‌كانیدا كه‌ خوێن ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ چاوی ڕاستی.

ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئاوسانی تۆڕی چاو و شانه‌ هه‌ستیاره‌كانی بینینی ڕووناكی له‌ پشته‌وه‌ی چاو، هه‌روه‌ها تووشی ئاوسانی چاو بوو كه‌ حاڵه‌تێكه‌ خوێن دزه‌ ده‌كاته‌ ناو تۆڕی چاو.

پزیشكه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌، ئه‌و فشاره‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م شله‌یه‌ دروست بووه‌، له‌ كۆتادا بووه‌ته‌ هۆی جیابوونه‌وه‌ی تۆڕی چاو له‌ چاوه‌كه‌ی.



وشە - كەژاڵ كەمال