نووسەری كتێبی رۆمانی "شەكرە كوڕ- باسێك لە دۆناودۆن" رای گەیاند، ئەم كتێبە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە لە ڕێی كەسایەتیی سەرەكیی ئەم كورتە ڕۆمانەوە بە ناوی "شەكرە كوڕ" كە دوای مردن چی روو دەدات؟ تەواوی كۆمەڵگە و تاكەكانی بەخۆیەوە خەریك كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم 16 ئۆكتۆبەر، دلێر مەلا پەروێز كاكەیی نووسەر، بە "وشە"ی راگەیاند، كتێبی "شەكرە كوڕ- باسێك لە دۆناودۆن" باس لە ژیان و مردن و زیندووبوونەوە لە هەموو باوەڕ و ئاینەكان دەكات، هەوڵ دراوە وەڵامێك بۆ ئەم پرسیارانە بدۆزرێتەوە كە ئێمە لە كوێوە هاتووین و بۆ كوێ دەچین و پاش مردن، چی روو دەدات.
دلێر دەڵێ، رەنگە هەر فەلسەفەیەك و ئاینێك وەڵامێكی جیاوازی هەبێت لەوانی تر، ئەویش مرۆڤ یەك جار دەژی و دوای مردن لە رۆژی دوای پەسڵاندا زیندوو دەبێتەوە، بەپێی كردەوەكانی سزا یاخۆ پاداشت دەدرێت، بەهەشت و دۆزەخ دەبێتە بەشی، هەڵبەتە بەهەشت و دۆزەخ بە جیاوازییەوە لە هەندێ باوەڕی تریشدا هەن.
باسی لەوەش كرد، كە دەڵێین ئاینی ئیبراهیمییەكان، مەبەستمان لە مەسیحی و ئیسلام و جووە، مەسیحییەت بەرفراوانترین ئایینە و پاشان ئیسلام دێت، بەڵام بەهەردوو ئاینەوە كەمێك لە سەرووی نیوەی دانیشتووانی دنیا پێكدێن، پلەی سێیەم ئەو ئاینانە دێن كە باوەڕیان بە دۆناودۆن هەیە، واتە گەڕی رۆح لە لەشەكاندا، دوور لە ئاینە گەورەكان كە باوەڕیان بەو فەلسەفە ئاینەكانی "بوزایی و هیندۆسیدا" هەیە، بەهەمانشێوە وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە، پاشان بێ ئاینەكان دێن كە ژمارەیان نزیكەی ملیار و نیوێكە لە دنیادا.
ئەم رۆمانە لە چاپخانەی print24k بە تیراژی 500 دانە چاپ كراوە، لە 133لاپەڕە پێکهاتووە.