موژده‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی برنج ده‌خۆن

:: AM:11:58:19/10/2023 ‌
زۆربه‌ی جار خه‌ڵك له‌باره‌ی ئه‌وه‌ ده‌پرسن و نیگه‌رانن كه‌ ئایا خواردنی برنج كێشیان زیاد ده‌كات؟ یان ده‌بیته‌ هۆی دروستكردنی ورگ؟ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌ خواردنی برنج ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی كێش، به‌ڵام پسپۆڕێك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ برنج نابێته‌ هۆی زیادبوونی كێش.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی "عه‌ره‌بیه‌" ڕوگوتا دیوێكار پسپۆڕێكی ناسراوی بواری خۆراك، له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی خۆی كه‌ له‌ سۆشیال میدیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ وردی ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ بۆچی نابێت خۆیان له‌ خواردنی برنج به‌دوور بگرن و چۆن یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ دابه‌زاندنی كێش.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، مرۆڤ نابێت دوای خواردنی برنج هه‌ست به‌ حاڵه‌تێكی خراپ بكات، دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ برنج نابێته‌ هۆی قه‌ڵه‌وی، بۆ هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ هه‌وڵی دابه‌زاندنی كێشی له‌شی ده‌دات، پێویست ناكات دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ خواردنی برنج.

ڕوگوتا باسی له‌وه‌ كرد، پێویسته‌ برنج وه‌ك به‌شێك له‌ ژه‌مه‌ ته‌ندروسته‌كان بخورێت، واته‌ وه‌ك به‌شێك له‌و ژه‌مانه‌ی كه‌ سه‌وزه‌ و پرۆتینیان تێدایه‌.

ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ ڕێی دروست بۆ ئاماده‌كردنی برنج ئه‌وه‌یه‌، برنجه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 15 خوله‌ك له‌ ئاودا بهێڵرێته‌وه‌، پاشان بشۆرێته‌وه‌ دواتر بكوڵێت.



وشە - كەژاڵ كەمال