ڤیدیۆ.. ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ له‌ پێناو گۆرانیگوتن قوربانییان دا

:: PM:07:26:08/11/2023 ‌
لە مێژووی هونەری گۆرانیگوتنی كوردی، زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی كە بوون بە ئەستێرە و تا ئێستە دەدرەوشێنەوە لەژێر گوشاری كولتوور و ئاین و ماڵباتەكانیان خۆیان رزگار كردووە.

بەڵام ئێستە گۆرانیبێژ وەك قارچك هەڵدەتۆقن و لە سۆشیال میدیا و شاشەكانەوە دەردەكەون.

لێرەدا بە خێرایی چیرۆكی بەئەستێرەبوونی چەند هونەرمەندێكی كورد دەخەینە ڕوو كە چ قوربانییەكیان لە پێناو هونەرەكەیاندا داوە و خۆیان خزاندووەتە ناو مێژووەوە.

قوربانیدان لەپێناو گۆرانی لە ژناندا دوو هێندەی پیاوان بووە، بۆ نموونە گۆرانی "ئایشەشان"ی بێكەس كرد، چونكە ئەو لەناو ماڵباتێكی دیندارەوە دەركەوت و چەندان جاریش براكەی هەوڵیداوە بكوژێ‌.

ئایشەشان، لەپێناو ئەوەی لە گۆرانی دوور بخرێتەوە بە شوو درابوو، بەڵام كە ماڵی هاوسەرەكەی زانیویانە پێشتر گۆرانی گوتووە كچێكی تر بۆ كوڕەكەیان دیاری دەكەن. تا ئەوكاتەی تووشی خەمۆكی دەبێت و گۆرانیی "غەریبم دایێ‌" دەڵێ‌. دواتر نەخۆش دەكەوێت و كەس سەردانی ناكات و دوای سێ‌ مانگ كەسوكارەكەی بە مردنیان زانی.

فەتانەی وەلیدی لەبەر هێرش و تانەی خەڵك تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، سەرباری ئەوەی عاشقێكی سەرسەخت بوو، بەڵام كۆمەڵگە رێگری لێ‌ كرد و ئەویش بەو داخەوە سەری نایەوە. 

عەباسی كەمەندی دەنگە زێڕینەكەی كورد، یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی ماڵباتەكەی گۆرانیگوتنیان بە عەیبە دەزانی، لە سەرەتایشەوە رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەوە كە واز لە گۆرانی بهێنێ‌، بەڵام ئەو نەوەستا. 

بەڵام چیرۆکی ناسری ڕەزازی جیاوازترە و باوكی تەنانەت نەیارێكی سەرسەختی دەنگیشی بووە، ئەوەیش هۆكار بووە بۆ سەرزەنشتکردنی، بەڵام ئەو وازی لە گۆرانی نەهێنا و بەردەوام بوو تا گەیشتە لوتکە و تا ئێستەیش دەنگی وەك بەرزی چیاكانی كوردستان هونەر دەنەخشێنێ. 

هونەرمەندانی گەورە، عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، بە جێهێشتنی گوندەكانیان لە ترسی لۆمەی خەڵك، بەردەوام بوون لە گۆرانی و بوون بە ئەستێرەی درەوشاوەی مێژوویی. 

هۆمەری دزەیی خۆی دەڵێ‌، لەناو ماڵەباتەكەی بە چاوێكی سووك سەیر دەكرا، بەڵام ئەو قوربانیی داوە بۆ گۆرانی و ئێستەیش وەك دەنگێکی ئاشقانە هەواداری زۆرە. 

هونەرمەندی گەورەی كورد، زیاد ئەسعەد دوای عاشقبوونی و بە ئێستەیشەوە وڵاتی جێهێشتووە و كەس بە تەواوی سۆراغی نازانێ‌، هەرچەندە هۆكارەکەی زیاد لەگەڵ ئەوانیتر جیاوازە، بەڵام خەڵك تامەزرۆی دەركەوتنەوەیەتی. 

ئەمانە بەشێكی كەمن لە چیرۆكی قوربانیدانی هونەرمەندانی پێشوو كە ئێستەیش لە گوێماندا دەزرنگێنەوە، ئەوانە بە تەواوی پێچەوانەی ئێستەی گۆرانین کە لە پڕ وەک شنەی با دەردەكەون و لە پڕیش نامێنن.

 ئەوە پێمان دەڵێ‌، هونەری گۆرانی هێشتا لە قۆناغی پێشوودا چێژی دەبەخشێت و كەسانی وا دروست نەبوون کە تینوێتیی هونەردۆستان بشکێنن و وەک ئەستێرەیش بەردەوام بگەشێنەوە و مێژوو دروست بکەن بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان.


كلیك بكەن بۆ بینینی ڤیدیۆكە ... 

 


وشە - وشه‌