پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ فێستیڤاڵێكی هونەری بەڕێوە دەبات، لەم فێستیڤاڵەدا هەرسێ بەشی موزیك و شێوەكاری و شانۆ، بەرهەمی خۆیان پێشكەش دەكەن. بەڕێوەبەری پەیمانگەكەش دەڵێت، ئەم چالاكییە دوای 10 ساڵ وەستان بوو بەهۆی پەتای كۆرۆنا و شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە.
زیرەك حەمەدەمین بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ چالاكیی تێدا دەكرێ لە سێ شوێنی جیادا، بەشی شێوەكاری سبەی لە زانكۆی جیهان پێشانگەیەك كە قوتابییەكانی خۆیان كاریان تێدا كردووە دەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ڕۆژی 14ی مانگ بەشی موزیكی پەیمانگە لە هۆڵی ڕۆشنبیری، كۆنسێرتێكی موزیك و گۆرانی رێكدەخات، بەشی شانۆش لە سێیەم ڕۆژی فێستیڤاڵەكە لە سەعات 11ی بەیانی لە هۆڵی پەیمانگە شانۆیی پێشكەش دەكەن.
لە ساڵی 1992 چەند مامۆستایەكی هونەرەكانی شانۆ، شێوەكاری و موزیك، پەیمانگەی هونەرە جوانەكانیان لە هەولێر دامەزراند، ئێستە تەمەنی پەیمانگەكە 31 ساڵی تێپەڕاندووە و لەو ساڵانەدا فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوە بردووە، بەڵام ماوەی 10 ساڵە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان لەلایەن بەغداوە، فێستیڤاڵەكە وەستاوە.