لەناو تونێلەکانى غەزەدا چی هەیە؟

:: PM:07:21:16/11/2023 ‌
ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز''ی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، تونێلەکانی غەزە تەنیا شوێنی خۆحەشاردانی چەکدارەکانی غەزە نییە، بەڵکو لە ناوەوەی تونێلەکان ڕێڕەوی فراوان هەیە و پێکەوە بەستراون، لەناو هەر ڕێڕەوێک کۆگەی چەک، خۆراک، ئاو، تەنانەت گەراجی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە و شەقامیشیان بۆ کردووە. 


لەم ڕاپۆرتەدا باس لە هەموو ئەو تەکنیکانەش کراوە کە چەکدارانی حەماس لێی سودمەند بوونە  و لێهاتوویی و کارامەیی ئەو کەسانەى دەرخستووە کە تونێلەکانیان دروست کردووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى تونێلەکان بریتییە، لەوەی کە ڕووی دەرەوەیان دەرگای ئاسایی ماڵان یان دوکانەکانە تا وەک شوێنێکی گومانلێکراو و نهێنی دەرنەکەوێ، ئەمەیش چەکدارانی حەماسی سوودمەند کردووە لەوەی هەرکات بیانەوێت لە تونێلەکان دەربچن و گورزی خۆیان لە سوپای دوژمن بدەن.


جگە لە هەندێک ئیسرائیلی، تا ئاێستە هیچ کەسێک نەیتوانیوە ناوەوەی ئەم تونێلانە ببینێت.

هەندێک لە ئەندامانی سوپای ئیسرائیل لە ساڵی 2014 چوونە غەزە و توانییان وێنەی ناو تونێلەکان بگرن، بەپێی بەڵگەکان ئەم تونێلانە زیاترن لە ڕێڕەوێکی ژێرزەمینی، وەک باسی لێوە دەکرێت بۆ چەند مەبەستێک بەکار دەهێنرێن، ئەوانیش وەک پەناگە لە دژی هێرشەکان، ژووری پلاندانان، کۆگای تەقەمەنی و شوێنی بارمتەکان.

ئێستە تێکشکاندنی ئەم تونێلانە بووە بە ئامانجی سەرەکیی سوپای ئیسرائیل لە شەڕەکەدا، ئەمەیش بەوپێیەی زۆرێک لە چەکدارانی حەماس لە ناو تونێلەکاندا خۆیان حەشارداوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، بۆ سوپای ئیسرائیل پێویستە ئەو دەرگایانە بدۆزێتەوە کە لە ژێرزەمینی باڵەخانەى سڤیلەکانەوە دەچنە نێو سەنتەری تونێلەکانەوە. تونێلەکان لە ڕووی بەرزییەوە هێندە بەرز نین و لە ڕووی بەرینیشەوە هێندە پان نین، ئەمە وای لە چەکدارەکانی حەماس کردووە تەنیا بتوانن یەک بە دوای یەکدا بجولێنەوە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ناو تونێلەکە ژنێکی بە بارمتە گیراوی 85 ساڵەی ئیسرائیلییە دەڵێ، ئەویان بردۆتە ناو تونێلێکی قووڵ و تەڕ، هەروەها ناو هەندێک لە ڕێڕەوەکان  قوڕ و لیتەی تێدا بووە، دواتر گەشتونەتە نێو چاڵێکی مەزن کە پڕ بووە لە بارمتەی تر.

ژنە بە تەمەنەکە تونێلەکە بە تۆڕی جاڵجاڵۆکە پێناسە دەکات. ئێستە زیاتر لە 200 دیلی ئیسرائیلی لە قووڵایی ئەو تونێلانەدا ماونەتەوە و ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل گەیشتنە بۆ ناو ئەو تونێلانە و ئازادکردنى دیلەکان.

پێشوتریش بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل ڕاى گەیاندبوو، ئیسرائیل دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان بریتییە لە ئازادکردنی دیلەکان و دووەمیان لەناوبردنی حەماسە.

ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە توانیویەتی بەدەری بخات، ئەم تونێلانە تەنیا حەشارگە نین، بەڵکو لە ساڵی 2007 و لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتی ئیسرائیل ئابڵۆقەی ئابووریی خستە سەر کەرتی غەزە، بە درێژایی سنووری نێوان غەزە و میسر چەند تونێلێکی بازرگانی لێدراوە بە مەبەستی بە قاچاخ هێنانی شتوومەک.

مەبەستی سەرەکیی تونێلەکان، بریتی بووە لە کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی کە بەسەر شاری غەزەدا هاتووە، لە دەرئەنجامی ئابڵۆقە ئابوورییەکانی سەر شارەکە، ئەمەیش بە مەبەستی هێنانی خۆراک، سووتەمەنی، کەلوپەلی بیناسازی و تەنانەت چەکیش.

حکومەتی میسر کاری ڕژدی کردووە بۆ لەکارخستنی ئەو دەمارە قاچاخانەی ژێرزەوی، یەکێک لە کارەکانیان بریتی بووە لە رژاندنى ئاوێکی زۆری دەریا بۆ ناو تونێلەکە، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت تا ئێستە هەموو ڕێڕەوەکان بە تەواوى لە کار نەکەوتوون و هەندێک تونێل هێشتا وەک ڕێڕەوێکی چالاکن بۆ گەیاندنى شتومەک بۆ چەکدارانی حەماس بەشێوەیەکى نایاسایی.

زۆرینەی تونێلە قاچاغەکان دەکەونە ژێر دەروازەی سنووری ڕەفەح، ئەوەی کە ئاشکرا کردنی تونێلەکانی ئەستەم کردووە بریتییە لەوەی تونێلەکان بە ئامێری بچووک لێدراون و دۆزینەوەیان وەکو گرتنى دەمارێکی دیاریکراو وایە، هەندێکیان تەنیا ڕێڕەوی سکە و ئاسنینن بۆ گواستنەوەی کەلوپەل.

ئەوەی کە ئێستە سوپای ئیسرائیل لێی بووە بە مۆتەکە بریتییە، لەوەى لە ئەگەری دۆزینەوەی ئەو تونێلانەشدا، ئەوان ناتوانن بچەنە نێو تونێلەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیلییەکان سوپایەکی ئامادەترن بۆ جەنگ، بەڵام شارەزایان دەڵێن چەکدارانی حەماس خاوەنی تونێلەکانن و ئەوان ئێستە نزیکەی دەیان کون و قوژبنیان ئامادەکردووە وەک سوپرایز بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان و لەوانەیە لەناو تونێلەکاندا چاڵ لێدرابێت یان لەملا و لاکانی تەقینەوە ئامادە کرابێت.


شارەزایان باس لەوەیش دەکەن کاتێک سوپای ئیسرائیل بە کۆمەڵ دەچنە ناو تونێلەکەوە، چەکدارانی حەماس تەنیا لە ڕێگەی دوگمەیەکەوە دەتوانن تونێلەکە بەسەر هەموو سەربازە ئیسرائیلییەکاندا خاپوور بکەن.

ئەوەی ئاشکرایە ئێستە ئیسرائیلییەکان لەوە تێگەیشتوون کە ناتوانن بە شێوەیەکی ڕەها هەموو تونێلەکە بڕوخێنن. شارەزایەک دەڵێ، بەهێزیی ئیسرائیل لەسەر زەوییە و هۆکاری پێشڕەوییان بریتییە لەوەی کە تانک و کۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییان لە پاڵە، بەڵام گەر بێت و بچنە ژێر خاکەوە ئەوا لەناو تونێلەکاندا یەک بەرانبەر یەک ڕادەوەستن، ئەمەیش وا لە ئیسرائیل دەکات خاڵی بەهێزی خۆی لەدەست بدات.

بۆیە ئێستە تاکە بژاردە بۆ سوپای ئیسرائیل، بریتییە لە لەکارخستنی تونێلەکان یاخود پەکخستنی هەندێک لە ڕێڕەوەکان، ئەمەیش تەنیا لە ڕێگەی بۆمب و ئەندازیاریی تەقینەوەوە ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە پەکخستنی هەندێک ڕێڕەو نابێتە هۆی کۆتایی حەماس لە ناو ڕێڕەوەکان، بەوپێیەی کە چەکدارانی حەماس خۆیان بۆ ئەم سیناریۆیەش ئامادە کردووە، شارەزایان پێیان وایە هێشتا لەژێر تونێلەکاندا ئەندازیارەکانی سەر بە حەماس ئامێری هەڵکەندنیان پێیە و ئامادەکاری دەکەن بۆ لێدانی ڕێڕەوەی نوێ.








وشە - ئارا هێمن