بەهۆی هێرشی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر پێگە و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشت دەكرێن، ئەمڕۆ گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر كەتائیبی حزبوڵای عێراق سەپاند.
ئەمڕۆ هەینی 17ی نۆڤمبەری 2023، بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا شەش كەسی نوێ خراونەتە لیستی سزاكانی گەنجینەی ئەمەریكاوە كە پێوەندییان بە گرووپەكانی كەتائیبی حزبوڵای عێراقەوە هەیە.
بەپێی نووسینگەی گەنجینەی ئەمەریكا، ئەوانە رۆڵی سەرەكییان هەبووە لەو زنجیرە هێرشانەی كە لەمدواییە لە عێراق و سووریا كراونەتە سەر بنكە و پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا.
لیستی ئەو شەش كەسەی كە خراونەتە لیستی سزاكانی گەنجینەی ئەمەریكا بریتین لە:
- موجتەبا جیهاندۆست، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران كە هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێرانی و كەتائیبی حزبوڵادا كردووە.
- حەبیب حەسەن دەراجی، بەرپرس لەكاروباری دەرەوەی كەتائیبی حزبوڵای عێراقی.
- جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی كەتائیب.
- خالید كازم ساكینی، فەرماندەی باڵای كەتائیب.
- باسم محەمەد ماجد، بەرپرسی بازرگانی و دارایی حزبوڵا.
- عیماد ناجی بەهادلی، ئەندامی ئەنجوومەنی شورای كەتائیب.
ئەم سزایەی گەنجینەی ئەمەریكا دوای ئەوە دێت، پێشتر پنتاگۆن رای گەیاندبوو كە لە 17ی مانگی رابردووەوە نزیكەی 60 جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە عێراق و سووریا، لەم هێرشانەیشدا 59 سەربازی ئەمەریكی بریندار بوون.