خەریكە كێشەی كەچەڵی چارەسەر دەكرێت

:: PM:05:22:18/11/2023 ‌

كێشەی كەچەڵی و وەرینی زۆر و كەمی مووەكانی قژ زۆر بڵاوە و خەڵكێكی زۆر لە سەرانسەری دنیا بە دەست ئەو كێشەوە دەناڵێنن، هۆكاری ئەو كێشە پێوەستە بە بۆماوە و هەندێكجاریش ژینكە و بەركەوتنی هەندێك مادە یان ناوخۆیی فسیۆلۆجی و پێوەست بە هۆرمۆنەكان یان دەرمان و حاڵەتی نەخۆشییەوە، بە گشتی توێژەرانی ئەمەریكا لە چارەسەرێكی كاریگەری كێشەكە نزیك بوونەتەوە.

وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی ئاماژەی بۆ كردووە، توێژەرانی ئەمەریكا لە چارەسەركردنی كێشەی كەچەڵی زۆر نزیك بوونەتەوە، كاتێك توانیویانە بۆ یەكەمجار لە رێگەی تەكنیكی سێ رەهەندییەوە چیكڵدانە مووەكان لە شانەی پێستی مرۆڤ بەرهەم بێنن.

بانكاج كاراندی، مامۆستان لە ئەندازیاریی كیمیایی و بایۆلۆجی و سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە گوتی، كاری ئێمە بەڵگەیەكە لەسەر توانای بەرهەمهێنانی پەیكەری چیكڵدانە مووەكان بە شێوەیەكی زۆر ورد و دووبارەبووەوە لە رێگەی تەكنیكی چاپكردنی سێ رەهەندییەوە، ئەو جۆرە كارانەش پێویستن بۆ بەردەستبوونی توانای بەرهەمهێنانی پێستێكی زیندوو لە داهاتوودا.   

روونی كردەوە، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چیكڵدانە مووەكان بە بەكارهێنانی خانە وەرگیراوەكان لە مرۆڤەوە، تەحەدایەكی مێژوویی بوو، كاتێك هەندێك توێژینەوە ئەوەیان دەرخستبوو كە ئەگەر ئەو جۆرە خانانە لە ژینگەیەكی سێ رەهەندییەوە بچێنرێن، ئەگەری هەیە بتوانن چیكڵدانە مووی نوێ بەرهەمەم بێنن، توێژینەوەی ئێمەش پشت بەو كارە دەبەستێت. 

تیمەكەی پەیمانگەی " Rensselaer Polytechnic "، لە نیویۆرك ویستیان رێگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی پێستێك بدۆزنەوە كە چیكڵدانە مووی هەڵگرتبێت، ئەویش بە بەكارهێنانی تەكنیكی چاپكردنی سێ رەهەندی لەسەر ئاستی خانەكانەوە.

توێژەران لە تاقیگە دۆخێكیان رەخساند كە چەند نموونەیەك لە خانەكانی پێست و چیكڵدانە مووەكان بتوانن دابەش ببن و زۆر بن، تا بڕی پێویستیان بۆ چاپكردنەكە بۆ دابین بێت، دوای ئەوە هەر جۆرێكیان لەگەڵ پڕۆتین و مادەی تر تێكەڵ كرد بۆ بەرهەمهێنانی حوبری ژیان، ئینجا بە بەكارهێنانی درزییەكی زۆر ورد، چین دوای چینی پێستەكەیان چاپ كرد و چەند كەناڵێكیان بۆ جێگیربوونی مووەكان دروست كرد.

ئێستە تەمەنی ئەو شانە چاپكراوانە لە هەفتەیەك بۆ دوو هەفتەن و ئەو كاتەش بەس نییە بۆ گەشەی مووەكان، بەڵام توێژەران هیوایان وایە ئەوە ماوەی درێژ بكرێتەوە بە شێوەیەك چیكڵدنە مووەكان بتوانن زیاتر گەشە بكەن و لە كۆتادا مووەكانیش گەشە بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل