وارن بافێت وەبەرهێنەری بەناوبانگی جیهانی، 12 هۆکار دەخاتە ڕوو کە لە ڕێگەیەوە خەڵکی هەژار پارەکانیان بەهەدەر دەدەن، کە
بریتین لەم خاڵانەى خوارەوە:
1- پشتگوێخستنی گەشەپێدانی کەسی: بە بڕوای وارن بافێت، باشترین وەبەرهێنان بۆ تاک بریتییە لە وەبەرهێنان لە خۆت دا، خوێندن و پێشخستنی توانا کەسییەکان سەرچاوەیە بۆ پەیداکردنی پارەیەکی زیاتر. هەروەها توانا و زانیاری تاکە شتە کە هیچ کەس ناتوانێت لێت ببات.
2- مامەڵەی ئەلکترۆنی(کریدت کارد): بەکارهێنانی کارتی ئەلکترۆنی بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پێویستی خۆی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی قەرز و پێویستە خەڵکی خۆی لێ بەدوور بگرن.
3- سەردانیکردنی باڕ و مەیخانەکان بە شێوازێکی بەردەوام: زۆر سەردانیکردنی باڕ و مەیخانەکان، دەبێتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەکی زیاد لە پێویست، بۆ درێژەدان بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانێکی زۆر، پێویستە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ماڵەوە بکرێن.
4- ڕاکردن بەدوای تەکنەلۆجیای نوێدا: گۆڕینی ئامێرەکان بەپێی پەیدابوونی جیلی نوێیان کارێکی زیادەیە و پێویست ناکات هێندە لەگەڵ تەکنەلۆجیادا بڕۆیت.
5- زیادەڕەوی لە کڕینی جل و بەرگدا: وارن بافێت و ملیاردێرەکانی تر باوەڕیان بە سادەییە لە جل و بەرگدا، هەڵبژاردنی جلێکی سادە و تۆکمە باشترە لەوەی پارەیەکی زۆر بدەیت بە جلی مارکە و براند.
6- کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ: وارن بافێت پێشنیار دەکات پارە بدرێت بە ئۆتۆمبێلی دەستی دوو تا لەکارکەوتنی دەستی پێوە بگیرێت، وەک لەوەی پارە بدرێت بە ئۆتۆمبێلێکی مۆدیل نوێ و گرانبەها.
7- ناو تۆمارکردن لە هۆڵی وەرزشی و بەکارنەهێنانی: ئەندامبوون لە هۆڵە ورزشییەکان و پابەند نەبوون پێیانەوە، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە ڕێگەیەوە پارەیەکی زۆر بە بێ هودە بەهەدەر دەدرێت، بەم هۆیەشەوە ڕێنوێنیمان دەکات بۆ ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانە لە شوێنە گشتییەکان.
8- بەشداریکردن لە هەندێک خزمەتگوزاریی ناپێویست: زۆرجار بە ئۆنلاین بەشداری لە چەند خزمەتگوزارییەک دەکەین کە بە پارەن، ئەگەر بێت و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانە نەکەین و ساڵانە پێییاندا نەچینەوە ئەوا دەبنە بارگرانیی دارایی لەسەر شانمان.
9- پشتبەستن بە بەرهەمەکانی پێست: بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پێست، وەک مەرهەم و کرێم پارەیەکی زۆرمان لێ دەبات، جێگرەوە بۆ ئەمەیش دانانی ڕۆتینێکی تەندروستە کە یارمەتیی پێستمان دەدات بە جوانی بمێنێتەوە.
10- دەرچوونی شەوانە بە بەردەوامی: لەبرى ئەوەی هەموو شەو بۆ خواردنی ژەمێک بچینەوە دەرەوەی ماڵ کە دەکرێت زۆر گران ڕابوەستێت لەسەرمان، چێشتلێنان لە ماڵەوە جێگرەوەیە و دەتوانێت لە ڕووی داراییەوە هاوکارمان بێت.
11- قومار: قومار ڕێگەیەکی خێرایە بۆ پەیداکردنی پارە، بەڵام داوامان لێ دەکات خۆمانی لێ بەدوور بگرین و پشتگیری پەیداکردنی پارە دەکات بە شێنەیی و شێوازێکی درێژخایەن، نەوەک لە کوردەواری خۆماندا دەڵێین ''لە پڕێک ببێتە کوڕێک''.
12- جگەرەکێشان: کێشانی جگەرە سەرەڕای مەترسییە تەندروستییەکانی، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەهەدەردانی پارە و وازهێنان لێی باشترین بژاردەیە.
ئەم ڕێنوێنییانەی وارن بافێت دەرئەنجامی چەندان ساڵ لە ئەزموونی کەسی ملیاردێرە جیهانییەکەیە، جێبەجێکردنیان دەبێتە هۆی هێنانەکایەی جێگیرییەکی بەرچاو لە ژیانی داراییماندا و هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی سەروەتێکی باش لە داهاتوودا، بە بڕوای وارن بافێت هەژارەکان خۆیان لە بەهەدەردان ناپارێزن و پارەیەکی زۆر بە فیڕۆ دەدەن.