نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كۆبوونەوەكانی پارتی دیموكرات و یەكێتیی نیشتمانی، كۆبوونەوەی باش بوون و هیوادارین ئەنجامی هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە 20 ساڵ ئەزموونی ئازادی لە عێراق، دەكرا زۆر باشتر بووایە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرایە و فیدراڵی كە سیستمی عێراقە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە، جێگیر بكرایە.
زیاتر گوتی، جێبەجێ نەكردنی سیستمی فیدراڵی، پابەند نەبوون بە دەستوورەوە، زۆر كێشە و ناكۆكیی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی لە عێراق دروست كردووە. وایكردووە كە سەقامگیریی عێراق هەمیشە بە لەرزۆك ببینرێت.
لەبارەی دواین كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی زانیاریی خستەروو و رای گەیاند، من و كاك مەسروور بارزانی و كاك قوباد و كاك بافڵ كۆبوونەوەمان كردووە و كۆبوونەوەی تریش دەكەین، هەروەها كۆبوونەوەكان هەنگاوی باشیان ناوە و هیوادارین لە داهاتووشدا ئەنجامی باشی هەبێت.
نێچیرڤان بارزانی باسی دۆخی ناوچەكەشی كرد و رای گەیاند، دۆخی غەزە مەترسیی بۆ ناوچەكە و هەموو دنیاش هەیە، بۆیە هیوادارم كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و چارەسەری دوو دەوڵەتیش بۆ هەردوو وڵات باشترین چارەسەرە.