كەشناسی زانیاریی نوێ‌ لەبارەی شەپۆلی باران راگەیاند

:: AM:10:48:20/11/2023 ‌
كەشناسی رای گەیاند، ئەو شەپۆلی بارانەی هەیە، وایكردووە پلەكانی گەرمی بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە نزمبوونەوە بكات، بارانی بەلێزمەش بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، كەشناسیی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی شەپۆلی بارانبارین بڵاو كردەوە و رای گەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریی نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست، كاریگەریی شەپۆلی دابارینی بەهێز لە تەواوی ئاسمانی هەرێم بەردەوامیی دەبێت.

 كەشناسی ئەوەشی راگەیاندووە، ئەمڕۆ لە كاتەكانی بەیانی تا نیوەڕۆ بەگشتی لە كوردستان بارانی بەلێزمە و بروسكە لە زۆربەی ناوچەكان بەردەوامی دەبێت، زۆرترین رێژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری شار دەبێت، هەروەها ناوچەكانی گەرمیان باران دەبێت.  

لە پارێزگای دهۆك ناوچەكانی ئاكرێ، شێلادزێ و ناوچەكانی دەوروبەری، زۆرترین رێژەی دابارین دەبێت لە كاتەكانی بەیانی تا نیوەڕۆ، پاشان كاریگەریی كەم دەبێتەوە و ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دابارین بەردەوامی دەبێ، لەگەڵ بەفربارین لە شاخە سنوورییەكانی ئەم ناوچەیە . 

لە پارێزگای هەولێر لە سەنتەری شار و ناوچەكانی كۆیە و هیران و دەوروبەری، تا كاتەكانی نیوەڕۆ ئەگەری دابارینی زۆر هەیە بەشێوەی لێزمەباران و بروسكە، پاشان كاریگەریی لاواز دەبێت لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ، لە ناوچەكانی باڵەكایەتی و ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەردەوامی دەبێت بەشێوەی نمەباران و بەفر.

لە پارێزگای سلێمانی لە كاتەكانی پێش نیوەڕۆ لە سەنتەری شار و زۆربەی ناوچەكان، بارانی بەلێزمە دەبارێ لەگەڵ بروسكە، كاریگەریی بەردەوامی دەبێت تا كاتەكانی ئێوارە . 

لە پارێزگای هەڵەبجە لە كاتەكانی پێش نیوەڕۆ، كاریگەریی ئەم شەپۆلە بروسكە و لێزمەبارانە دەگاتە سەنتەری شار و دەوروبەری و كاریگەریی بەردەوامی دەبێت تا كاتەكانی ئێوارە. 

بەپێی راپۆرتی كەشناسی، سبەی كەشوهەوا ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەردەوامی دابارین بەشێوەی نمەباران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی رۆژهەڵات و باكوری رۆژهەڵات. لە كاتەكانی شەودا كاریگەریی ئەم شەپۆلە دابارینە كۆتایی دێت.

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر     :  16 پلەی سیلیزی
سلێمانی   : 13 پلەی سیلیزی
دهۆك      : 12  پلەی سیلیزی
كەركووك   : 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە   : 14 پلەی سیلیزی
 زاخۆ    :   13 پلەی سیلیزی
گەرمیان  :  19  پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی
 سۆران  : 8  پلەی سیلیزی



وشە - رامیار جەواد