چارەنووسی مووچەی مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم چییە؟

:: PM:05:28:20/11/2023 ‌

ئەم مانگە دوایین بڕە قەرزی بەغدا بۆ مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم دەگات، بۆیە پێویستە بەغدا بە هەر شێوە و میكانیزمێك بۆ سێ مانگی تر بڕێك پارە رەوانە بكات، ئەوەش پێوەستە بە رێككەوتنی سیاسیی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی سێ بژارە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

لە 25ی ئاداری رابردوو هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا وەستاوە، واتە لەو ساتەوە داهاتی فرۆشتنی نەوت راستەوخۆ ناگاتە دەستی حكوومەتی هەرێم، كە پێشتر داهاتی ناوخۆی دەخستە سەر و مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەش دەكرد، بەڵام دوای ئەوە سەرەڕای دەرچوونی یاسای بودجەی عێراق لە 12ی حوزەیرانی رابردوو، پارە لە بەغداوە نەهات و هەرێم تووشی تەنگژەی مووچە هاتەوە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بەغدا بڕیاری دا بۆ سێ مانگی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی 700 ملیار دینار بە قەرز رەوانە بكات، بەڵام ئەم مانگە دوایین بڕە قەرزەكە دەگات و تەنگژەكە سەر هەڵدەداتەوە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات، دوای كۆتاهاتنی ئەو قەرزەی حكوومەتی عێراق بۆ مووچە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەدات، ئێستە بابەتەكە روون نییە كە بۆ داهاتوو چۆن پارە رەوانە دەكرێت، شایستە داراییەكانی هەرێم چۆن دەگات و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چۆن چارەسەر دەكرێت؟

روونی كردەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە سێ بژارە لەبەردەم هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم هەیە، یەكەم و نزیكترینیان نوێكردنەوەی رەوانەكردنی پارەیە بە قەرز دووەم، گۆڕانكاری لە یاسای بودجەی 2023، كە ئەوەش بە هۆی پشووی یاسادانانی پەرلەمانەوە نابێت، چونكە پەرلەمان لەناو پشوودایە، سێیەم خێراكردنی رەوانەكردنی پارە لە چوارچێوەی بودجەی 2024.

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی كرد كە جارێكی تر پەنا ببرێتە بەر بە قەرز رەوانەكردنی بڕێك پارە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، بە تایبەتی كە خۆپێشاندانی رۆژانە لە پارێزگەی سلێمانی و چەند ناوچەیەكی تری هەرێم تر هەیە، جیا لەوەی ئەگەری هەیە بەهۆی بەردەوامیی كێشەكەوە ناڕەزایەتییەكان فرەوانتر ببن.  

ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە، رێگەیەك هەیە دەكرێ چارەسەری كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بكات، ئەویش بەستنەوەی مووچەكەیانە راستەوخۆ بە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵی.

شایەنی باسە حكوومەتی عێراق هەموو شتێك دەكات بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی، تەنانەت تا ئێستە یاسای بودجە، بە تایبەتی پشكی وەبەرهێنانی جێبەجێ نەكردووە، كە تەرخانكردنی پارەی بۆ سەتان و هەزاران پڕۆژە و هەلی دامەزراندن تیادایە، كەچی بەشێك لە هێزە سیاسییە كوردییەكان دەیانەوێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بچێتە سەر بەغدا، لەوكاتەی حكوومەتی عێراق لە زۆر بۆنە ئاماژە بەوە دەكات كە رەوانەكردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، جیا لە ئاماژدەانی بەوەی دەتوانێت مووچەی نیوەی ژمارەی ئێستەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.

هەر سەبارەت بە داهاتووی كێشەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی لە پەرلەمانی عێراق، تیشك دەخاتە سەر ئەو بابەتە و دەڵێت، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ كرد، پرسیارمان لەبارەی دوو نامەی دوایی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێ كرد سەبارەت بەو بابەتانە، ئەویش گوتی:

لەبارەی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی خەرجیی كردەنی، كە بووەتە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، سوودانی گوتی، نامەكانمان بە دەست گەیشتووە و كاریشمان لەسەر كردوون، بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، ئێمە لاریمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموار بكرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام حكوومەت دەسەڵاتی جێبەجێكردنە و هەمواركردنەوەكەش لە دەسەڵاتی یاسادانانە، هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە ئێمەش جێبەجێی دەكەین.

لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامیی ناردنی قەرزی سێ مانگی تر، سوودانی پێی گوتین، بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامیی ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی تر، جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێ دراوە، لە دەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لە دەست ئەودا نییە، دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕە پارەیەی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دیاری كرابوو تا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن زۆر كەمترە لە پێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە، تەنانەت گوتی كە ئەو 700 ملیار دینارەشی دیاری كراوە، هێشتا كەمترە لەو پارەیەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی.

قەرەنی ئەوەشی دووپات كردەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە لایەنەكانی راسپاردووە تا 1ی كانوونی یەكەمی 2023، بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینارە بنێرن كە پێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل