هەولێر... 38 ملیار دینار بۆ بەرگرتن لە مەترسییەكانی لافاو تەرخانكراوە

:: PM:08:18:20/11/2023 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرگرتن لە مەترسییەكانی لافاو و گۆڕانی كەشوهەوا 38 ملیار دیناری بۆ 47 پرۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێر تەرخان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، پارێزگای هەولێر رای گەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرگرتن لە مەترسییەکانی ڕوودانی لافاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بڕی 38 ملیار دیناری بە مەبەستی ئەنجامدانی 47 پرۆژەی بەرگرتن لە لافاو بۆ سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر تەرخانکردووە.

لە راگەیەنراوەكەی پارێزگای هەولێر هاتووە، بەشێك لە پرۆژەكان بریتین، لە گەورەکردنی "بۆکس کەلڤەرد"ی ژێر شەقامەکان لەسەر ڕێڕەوەکان لە 14 شوێنی جیاجیای شاری هەولێر و دروستکرنی ڕێڕەوی نوێ بۆ ئاوی سروشتیی باران، هەروەها خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێرەوەکانی تر بە درێژایی 350 کیلۆمەتر، فراوانکردن و دروستکردنی چەند ئاوەڕۆیەکی سندووقی و لوولەیی، لادانی زێدەڕۆیی و سەرپێچی و پردەکاتییەکان، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی چەندان پڕۆژەی دیکە کە ئێستا لەژێر جێبەجێکردندان.

لە راگەیەنراوەكە روون كراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بارانێکی بەخووڕ لە ماوەیەکی کەمدا داباری، كە لە سەنتەری شاری هەولێر 73 ملم بوو لە 24 كاتژمێردا بەڵام بەهۆی پرۆژەكان و پلان و ئەو بەرنامانەی داندرابوون بۆ حاڵەتی ئامادەباشیی تیمەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پێوەندیدارەكان، توانرا تا ئاستێکی زۆرباش مه‌ترسییه‌كانی ڕوودانی لافاو كه‌م بکرێتەوە.

"ئەگەرچی له‌ هه‌ندێک شوێن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو، هاووڵاتییان زیانی ماڵیان بەرکەوتوو و لە چەند شەقامێکی گشتیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست بوو و لە زووترین کاتدا ڕەوشەکە لەلایەن تیمه‌كانەوە کۆنترۆڵکرا و بەهانای هاوڵاتییانەوە چوون و شەقامەکانیش پاک کرانەوە، بەڵام بەداخەوە له‌ گوندی شێخه‌لاس له‌ نزیک شارەدێی مەلاقەرەی سنووری قه‌زای مه‌خموور شوانکارێک به‌ناوی "ڕێباز فه‌یسه‌ڵ" به‌هۆی لافاوه‌وه‌ ئاو بردوویه‌تی و نه‌یتوانیوه‌ خۆی و مه‌ڕوماڵه‌ته‌كه‌ی رزگار بكات و خنكاوه‌" لە راگەیەنراوەكەدا واهاتووە.

هەروەك پێشبینی كرابوو ئەمڕۆ دووشەم 20ى تشرینى دووەم، ئاستى دابارین لێزمە بارانى بەردەوام و مامناوەند بوو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان، لەگەڵ بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، بەهۆیەوە لە چەند شوێنێك ئاو كۆبووەوە و جگە لە زیانی ماڵی شوانكارێكی تەمەن 25 ساڵ بەهۆیەوە خنكا.


وشە - رزگار خدر