بەشەخۆراكی مانگی نۆ گەیشت و ئاردی مانگی هەشت دابەش دەكرێت

:: PM:08:55:20/11/2023 ‌

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت كە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی نۆی هاووڵاتییان كراوە، هاوكات دەست بە دابەشكردنی ئاردی مانگی هەشتیش كراوە، دووپاتی دەكاتەوە كە دابەشكردنی ئارد و بەشەخۆراك بەردەوام دەبێت و هیچ گرفتێكی بۆ دروست نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی تشرینی دووەمی 2023، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی نۆی هاووڵاتییان كراوە، ئاشكرای كرد كە مادە خۆراكییەكان هەمان مادەكانی مانگەكانی رابردوون و هیچ گۆڕانكارییەك رووی نەداوە و هیچ مادەیەك زیاد نەكراوە، بەڵام ئەم مانگە فاسۆلیا و نۆكی خڕی تیادا نییە، لە بری ئەوان لەتكەنۆك و نیسك هەیە.

باسی لەوەش كرد، برنجەكە زۆر تایبەت و بە كوالێتییە و هیچ كێشەیەكی نییە، چەند مانگێكە كوالێتی برنجی بەشەخۆراك زۆر باشە، هاوكات دابەشكردنی بەشەخۆراك هیچ گرفتی بۆ دروست نەبووە و هەر مادەیەك لە بەغداوە بەدەستمان بگات، مانگانە لە كاتی خۆیدا بە سەر هاووڵاتییان دابەشی دەكەین، بۆ بابەتی گۆشتە هەرزانەكەش، داوامان لە بەغدا كردووە بۆ ئەوەی هەرێمیش بگرێتەوە، پەنیر و شیریش تەنیا قسەی لەسەر كراوە و نەبووە بە بڕیاری فەرمی.


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی كرد، هەروەها ئاردی مانگی هەشتی هاووڵاتییان بەسەر بریكارەكان دابەش كراوە، ئاردەكە لە كوالێتی زۆر باشە و تاقی كراوەتەوە و بۆ بەكارهێنان زۆر باشە و نانی لێ دەردەچێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بەكاری بێنن و ئاردەكە گرفتی نییە، دووپاتی كردەوە كە دابەشكردنی بەشەخۆراك بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە كەمال عەلی، بریكارێكی دابەشكردنی خۆراك بە "وشە"ی گوت، دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكان كراوە و چەند مادەیەكی بەشەخۆراك گەیشتووە، برنج و لەتكەنۆك و نیسك و شەكری تیادایە، پێشتریش رۆن دابەش كراوە، بۆیە هەر خۆراكێك بگاتە كۆگەكان لە وادەی خۆی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت، روونی كردەوە كە خەڵك لە برنجەكە رازییە.

زیاتر گوتی، مادەكانی بەشەخۆراك كە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، پێك دێ لە رۆن، شەكر، برنج، نیسك، نۆك، فاسۆلیا، لەتكەنۆك و دۆشاو، بەڵام چەند مادەیەكیان بە بەردەوام دابەش دەكرێن و بەدەستمان دەگات.

هەر لەوبارەوە كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەشی هەرە زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق پشت بە بەشەخۆراكی مانگانە دەبەستن، بۆیە پێویستە بەشەخۆراكەكە مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێت و هەموو مادەكانیش بدرێن و كوالێتی مادەكانیش زۆر باش بێت، چونكە خێزان هەیە پشت بەو بەشەخۆراكە دەبەستێت و بەكاری دێنێت، هەرچەندە هەندێكجار مادەكانی بەشەخۆراك بە هۆی تەڕبوون یان هەر شتێكی تر، بەر تایبەتی برنجەكە، گرفتیان بۆ دروست دەبێت

دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی نۆ لەكاتێكدایە، لە مانگی كانوونی یەكەم نزیك دەبینەوە، بەو پێیە دوو بەشەخۆراكی هاووڵاتییان فەوتاوە، سەرەڕای ئەوەی مانگانە مادەكانی بەشەخۆراك كە لە حەوت مادەی سەرەكی پێك دێن، بە تەواوی دابەش ناكرێن و هەر مانگەی چەند مادەیەك دەدرێن، هەروەها فاسۆلیا كە یەكێكە لە خۆراكەكان و بۆ هاووڵاتییان گرنگە و سوودی هەیە، بۆ ئەمساڵ سێ بەشەفاسۆلیا دراوە، لە لایەكی تریشەوە بەشەئاردی سێ مانگی هاووڵاتییان دواكەوتووە و دابەش نەكراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل