شارەزایەكی پەروەردەیی باس لەوە دەكات كە دەوام نەكردن یان دواخستنی دەوام بۆ كاتێكی نادیار لە بەرژەوەندیی تاكەكانی كۆمەڵگە نییە، تەنیا دوژمن و ناحەزانی كورد سوودی لێ دەبینن، دووپاتی كردەوە، قوتابی و خوێندكار منداڵی ئەو كۆمەڵگەیەن و ناكرێ لە پەروەردە و فێركردن بێبەش بكرێن، بۆیە دەوام نەكردن و بایكۆتی مامۆستایان رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دەروونی قوتابی و خوێندكار و خێزانەكانیان دەبێت.
سوهێل تاهیر شارەزا و راوێژكاری پەروەردەیی بە "وشە"ی راگەیاند، سێكتەری پەروەردە گرنگترین و پیرۆزترین سێكتەرە لە ناو كۆمەڵگەدا، پێوەندیی راستەوخۆی بە تەواوی هەر ئەندامێكی خێزان هەیە، بۆیە پێشكەوتن یان دواكەوتنی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی راستەوخۆ پێوەندیی بە ئاستی پەروەردەوە هەیە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە لایەن دوژمنانی كوردەوە دژایەتی دەكرێت، بێ رەچاوكردنی تاكەكانی هەموو كۆمەڵگەی كوردی، بۆیە بەرپەرچدانەوەیان ئەركی هەر تاكێكی كۆمەڵگەیە.
هەروەها گوتی، هەر بەربەست و كێشە و گرفتێك هەبێت پێویستی بە چارەسەر هەیە، چارەسەریش لۆجیك و حیكمەت و خۆڕاگریی دەوێت، چونكە نابێت رادەستی واقیعێكی دژوار ببین و پێویستە ئەمڕۆ زیاتر لە رۆژانی پێشوو بەرپەرچی هەر سەختییەك ببینەوە، بۆیە دەوام نەكردن یان دواخستنی دەوام بۆ كاتێكی نادیار لە بەرژەوەندیی تاكەكانی كۆمەڵگە نییە، تەنیا دوژمن و ناحەزانی كۆمەڵگەی كوردی سوودی لێ دەبینن، ئەوەشی كە دەری دەبڕێت، تەنیا خۆشەویستییە بۆ منداڵان و تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تیایدا دەژین، چونكە هەموو تاكێكی ئەو كۆمەڵگەیە دۆست و ناسیاو و خزمن و كەسی بێگانەی تیادا نییە.
ئەو شارەزا پەروەردەییە دووپاتی دەكاتەوە، دوای دەستپێكردنی دەوامی قوتابخانەكان لە 13ی ئەیلوولی رابردوو، وێڕای سەختیی باری دارایی مامۆستایان، تا ئاستێك لە هەندێك ناوچە دەوام ئاساییە و دەرگەی قوتابخانەكان كراونەتەوە، لە هەولێر و دهۆك هیچ گرفتێك نییە و دەوام دەكرێت، وەرزی یەكەمیش بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و مامۆستایان وێڕای ئەو سەختییە دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن و چاوەڕوانن ئەو دۆخە تێپەڕێنن.
"بەڵام بەشێك لە مامۆستایان بانگەشەی بایكۆتی دەوام دەكەن، ئەوەش بە بۆچوونی من هەڵوێستێكی راست و دروست نییە، چونكە قوتابی و خوێندكار منداڵی من و تۆ و ئەو كۆمەڵگەیەن، بۆیە ناكرێت لە پەروەردە و فێركردن بێبەش بكرێن، دەوام نەكردن و بایكۆتی مامۆستایان، رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دەروونی قوتابی و خوێندكار و خێزانەكانیان دەبێت، هەروەها رەنگدانەوەی نەرێنیش دەكاتە سەر كۆمەڵگە بە گشتی"، سوهێل تاهیر شارەزا و راوێژكاری پەروەردەیی وای گوت.
لای خۆیەوە حەسەن مارف، مامۆستا بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دوای ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر بەغدا و بەپێی یاسای بودجە پێویستە بەغدا مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەغدا پابەندی رێككەوتنەكان و یاسای بودجە نەبووە، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە و بەهۆیەوە سێ مووچەی فەرمانبەران هەرێم نەدراوە، ئەوەش وای كردووە مامۆستایان و بەشێك لە فەرمانبەران بایكۆتی دەوام بكەن، هەرچەندە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ كردووە، بەڵام مامۆستایان دەوام ناكەن و هێشتا لە سنووری پارێزگەی سلێمانی دەرگەی قوتابخانەكان نەكراونەتەوە و دۆخەكەش بەشێكی بە سیاسی كراوە.
پێشتریش عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە" ئەوەی راگەیاند كە ئەگەر بایكۆتی مامۆستایانی سنووری پارێزگەی سلێمانی تا كۆتای مانگی كانوونی یەكەم بەردەوام بێت، ئەوكات وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر خوێندنی ئەو سنوورە دەدەن.
شایەنی باسە لە سنووری سلێمانی ئەو قوتابخانانەی كە نموونەیی و تایبەتن بە شێوەیەكی ئاسایی دەوامی خۆیان دەكەن و وەرزی یەكەمی خوێندنیان تەواو كردووە، لەوكاتەی قوتابخانە حكوومییەكان بایكۆتی دەوامیان كردووە.
وشە/ تایبەت