پەرلەمانی عێراق دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكەی حەلبووسی واڵا دەكات

:: PM:11:54:20/11/2023 ‌

دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی عێراق لە 14ی ئەم مانگە بڕیارێكی دەركرد بە كۆتاهێنان بە ئەندامیەتیی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ بڕیارەكە گەیشتە پەرلەمان و بڕیارە دوو سبەی لە دانیشتنێكی نائاساییدا دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە واڵا بكرێت.

بەپێی كارنامەی دانیشتنی نائاسایی رۆژی چوارشەمی داهاتوو، كە لە لایەن نووسینكەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە دەرچووە، دانیشتنەكە دوو بڕگە لەخۆ دەگرێت، یەكەمیان كردنەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی چۆڵ بووە.

هەر بەپێی كارنامەكە دووەم خاڵ بریتییە لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای هەموواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارەی 31ی ساڵی 2019، كە درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنەكە تا دوای تەواوەبوونی رێوشوێنەكانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لەخۆ دەگرێت.

شایەنی باسە ئێستە ململانێ ناو ماڵی سوننەی لەبارەی پڕركردنەوەی پۆستەكەی حەلبووسی گرتووەتەوە، حزبی تەقەدوم و هاوپەیمانی سیادە باسی ئەوە دەكەن كە ئەوان زۆرینەن لە پەرلەمان، بۆیە دەبێت ئەو پۆستە  هەر لای خۆیان بمێنێتەوە، هێزە سوننە نزیكەكان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانیتریش دەڵێن یۆستەكە بۆ سوننەیە و ئەوانیش مافیان هەیە داوای بكەن، كە بە شێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو گوشارانەی سەر حزبەكەی حەلبووسی بۆ ئەوەیە بە پەلە كەسێكی تر جگە لە حەلبووسی پێشكەش بكەن و لاپەڕی ئەو هەڵبدەنەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل