هێرش كرایە سەر هێزەكانی ئەمەریكا

:: AM:09:24:21/11/2023 ‌
هێرش كرایە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیاریەتیی خۆی راگەیاند و دەڵێت، هێرشەكەمان سەركەوتوو بووە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تشرینی دووەم، مقاوەمەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەكدا، ئەنجامدانی هێرشیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار راگەیاند. ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە ئەمە وەڵامێكە بۆ ئەو شەڕەی دژی هاووڵاتییانی غەزە ئەنجامی دەدەن.

ئەو گرووپە دەڵێن، ئەو هێرشە راستەوخۆ ئامانجی خۆی پێكاوە و هێرشەكەش بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجام دراوە.

لەم مانگەدا 63 هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، زۆربەی هێرشەكان لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی ئەنجام دراوە.

لە ماوەی رابردوودا چەندین جارە ئەم گرووپە هێرش بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، رۆژی یەكشەم هەمان گرووپ بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیان بۆ سەر بنكەی ئاسمانی ئەمەریكا لە هەریر ئەنجام دا.



وشە - رامیار جەواد