فێستیڤاڵی عەلی مەردان بۆ مەقام لەكەركووك بەڕێوە دەچێت

:: AM:11:19:22/11/2023 ‌
فێستیڤاڵی عەلی مەردان بۆ مەقام بۆ یەكەمجارە لە شاری كەركووك بەڕێوە دەچێت. لەم فێستیڤاڵەدا چەندان گرووپ لە شارە جیاجیاكانی كوردستان و عێراقەوە بەشداریی تێدا دەكەن.

هونەرمەند وشیار كەریم بۆ "وشە" گوتی، لە فێستیڤاڵی عەلی مەردان بۆ مەقام، چەندان مەقامبێژ و شارەزای مەقام بەشداریی دەكەن و نمایشی خۆیانی تێدا پێشكەش دەكەن، ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری كەركووك بەردەوام دەبێت.

گرووپەكانی سلێمانی و هەولێر و چەمچەماڵ و گرووپێكیش لە بەغدا بەشدارییان كردووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانیش وەك گرووپێك لە هەولێرەوە بەشدارییان كردووە و چەندان مەقام و كارە هونەرییەكانی مامۆستا عەلی مەردانیان ئامادە كردووە.

عەلی مەردان یەكێك لە دیارترین هونەرمەندانی كوردە كە وەك مامۆستای مەقامی كوردی دەبینرێت، خاوەنی چەندان گۆرانی و مەقامی تایبەت بەخۆیەتی. عەلی مەردان لە ١٩٠٤ لە ناوچەی شارەزوور لە دایك بووە و پەروەردەی شاری كەركووكە و لە ناوەندی هونەریشدا بە هونەرمەندێكی كەركووكی ناو دەبرێت. خوێندنی لە تەكیەی كەركووك و لەلای ماموستا ساڵح دەست پێ كردووە و ھەر لەوێشەوە لەلای مامۆستای دەنگخۆش مەلا ڕەئووف، فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقامی كوردی و خۆریاتی توركمانی بووە. هاوكات عەلی مەردان داهێنەری مەقامی "هیجران"ی كوردییە كە لقێكە لە مەقامی سەرەكیی "بەیات".



وشە - سۆران عەزیز