فێستیڤاڵی ڕامان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:50:23/11/2023 ‌
ڕۆژی 29/11/2023 لە شاری هەولێر، یەكەمین فێستیڤاڵی ڕامان لە ژێر ناوی "كورد و سیاسەتی كولتووری" بەڕێوە دەچێت، لەم فێستیڤاڵەدا چەندان نووسەر و كەسایەتیی ڕۆشنبیری، كۆڕ و پانێڵیان هەیە و تێیدا باس لە دۆخی كولتووری كوردی دەكەن.

سەركەوت وەلی یەكێك لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە، تایبەت بە "وشە" گوتی، دوای چەندان ساڵ گۆڤاری رامان وەك یەكێك لە گۆڤارە دیارەكانی بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری كە سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە، لە كارەكانی بەردەوام بوو، لەم چەند ساڵەشدا چەندان ژمارەی بەپێزی لە گۆڤارەكە خستووەتە بەردەستی خوێنەرانی، ئێستە ئامادەكاری دەكات لە كۆتایی ئەم مانگەدا، فێستیڤاڵێكی گەورە لە بواری سیاسەتی كولتووری بەڕێوە ببات، ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری هەولێر لە هۆڵی پێشەوا بەڕێوە دەچێت.

ئەوەشی گوت، لەم فێستیڤاڵەدا چەندان كەسایەتیی دیاری ناو ڕۆشنبیری كوردی بەشداری دەكەن، چەندانیشیان كۆڕ و پانێڵیان هەیە. ئاماژەی بەوەش دا ئەم كارە وەك هەوڵێك بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی كولتووری ڕامان بەڕێی دەخات، تا بواری كولتووری چیتر ئەم چەقبەستووییەی تێیدایە نەمێنێتەوە.

ڕامان گۆڤارێكی مانگانەی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە و لە ساڵی 1996وە تا ئێستە مانگانە چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. تا ئێستە جگە لە گۆڤارەكە، چەندان كتێبی خستووەتە ناو كتێبخانەی كوردییەوە.
 



وشە - سۆران عەزیز