بەغدا.. كەسێك باوكی بە دەمانچەكەی خۆی كوشت و دوای هەڵاتنی بۆ توركیا لە گەڕانەوەیدا گیرا

:: PM:09:18:23/11/2023 ‌
سەرچاوەیەكی پۆلیسی بەغدا بەپێگە عێراقییەكانی راگەیاندووە، هێزەكانی پۆلیس توانیویانە ئەو كەسە بگرن كە بابی خۆی كوشت و دواتر هەڵات بۆ توركیا.

بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی پۆلیس، ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەمی 2023، پۆلیسی كەرخ لە بەغدا توانیویانە كەسێك بگرن كە تۆمەتبار بوو بە كوشتنی باوكی دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە لە توركیا. 

لەبارەی وردەكاری رووداوەكە ئەم سەرچاوەی پۆلیس بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت بە پێگەی " بەغداد یەوم"ی راگەیاندووە، كوژراوەكە بەپلەی عەمید ئەفسەر بووە لە هێزە تەناهییەكان و لەلایەن كوڕەكەی خۆیەوە  بە دەمانچەكەی خۆی كوژراوە. 

جێگەی ئاماژەیە تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەكە زۆر بە ئاسانی توانیویەتی هەڵبێت بۆ توركیا و دوێنێ چوارشەم گەڕاوەتەوە بەغدا و دوای چاودێری و زانیاری لەلایەن پۆلیسەوە ئەمڕۆ توانراوە بگیرێت و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و لە ئێستەدا لە گرتوخانەی راگیراوان بە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود