دیوانە شیعرێكی تەیب قادر بڵاو كرایەوە

:: AM:09:52:27/11/2023 ‌
كتێبی "كەمێك ڕووناكییەكە زیاد بكە شادییە دوورەكان بێگانەن"، بەرهەمی چوار ساڵ ئیشكردنی نووسەر و شاعیر تەیب قادرە، وەك شاعیر دەڵێت لەو دیوانەدا جارێكی تر بە تێڕوانینی جیا لە مرۆڤم ڕوانیوە، كە مرۆڤ لەگەڵ مردن یان لەگەڵ ژیاندا لەگەڵ هەموو ئەو كەرەستانەی دەوروبەری، چۆن مامەڵە دەكات. 

تەیب قادر لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، ئەم دیوانە ئەزموونێكی جیاواز و جۆرێكی تر لە بیركردنەوەی منە، ئەو بیرۆكانەم هێناوەتە ئارا كە مرۆڤ لە كوێ بوونی خۆی لە بیر دەكات و لە كوێ هەوڵ بۆ بوونی خۆی دەدات. ئەم كتێبە هەم پرسیار دەكات و هەم هەوڵ دەدات شیكار بۆ پرسیار و ماناكانی تر بكات. گەڕانێكە بەناو شوێنە تاریكەكان و شوێنە ڕووناكەكانی گەردوون كە مرۆڤ لەو بەینەدا لە ململانێیە. 

ئەم كتێبە دووەم كتێبی بڵاوكراوەی ناوەندی تەم بۆ نووسینی كوردییە، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ڕۆسا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. كتێبەكە 469 لاپەڕەیە بە قەبارەی 21 بە 14 كە چوارەم كتێبی شیعری تەیب قادرە.



وشە - سۆران عەزیز