پزیشكێكی منداڵان پێشبڕكێی خوێندنەوە لە قوتابخانەكانی كوردستان دەست پێ دەكات

:: AM:11:23:27/11/2023 ‌
پسپۆڕیكی تەندروستیی منداڵان، ماوەی دوو ساڵە لە هەوڵی ئەنجامدانی پڕۆژەیەكە بۆ منداڵانی كوردستان، پڕۆژەكەش بەمەبەستی هاندانی خوێندنەوەی كتێبە، ئەم پڕۆژەیە ئێستە بەهاوكاریی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە، كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دكتۆر محەمەد حەسەن لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" گوتی، پڕۆژەكە ئەوەیە كە خوێندنەوە بكەینە كولتوور، بۆ ئەوەش پێویستە سەرەتا لە بواری پەروەردە و منداڵانەوە دەست پێ بكرێت، تا خوێندنەوە ببێتە بەشێك لە ژیانی نەوەكانی داهاتوومان.

ئەو پسپۆرەی بواری تەندروستیی منداڵان زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە سەرەتا لە 60 قوتابخانەی حكوومیی شاری هەولێر دەستمان پێ كرد، بڕیارمان دا لەو قوتابخانانە لە پۆلەكانی هەشت پێشبڕكێیەك ئەنجام بدەین، پاشان یەك لەو پۆلانە دەستنیشان بكرێ وەك نوێنەری ئەو قوتابخانەیە. ئێمە چەندان كتێبیان دەخەینە بەردەست تا لە ناو ئەو كتێبانەدا یەكێكیان بە ئارەزووی خۆیان هەڵبژێرن.
 
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو كەسانەش كە نوێنەری قوتابخانەكانن و كتێبەكە هەڵدەبژێرن، ماوەیەكیان پێ دەدرێ تا كتێبەكەی تێدا بخوێننەوە، لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەین تا بزانین چۆن لە كتێبەكە حاڵی بوون، ئارەزوویان بۆ كتێب چۆن زیاد دەكات، لەو 60 نوێنەرەی قوتابخانەكانیش لە كۆتادا 15 كەس دەستنیشان دەكەین و خەڵاتیان دەكەین، پاشان هەوڵ دەدەین بۆ ساڵەكانی تر ئەم پڕۆژەیە فراوان بكرێت.

د. محەمەد وەك پسۆڕیكی تەندروستیی منداڵان ئاماژەی بەوە دا، پێوەندییەكی زۆر هەیە لە نێوان تەندوستی و خوێندنەوەدا، خوێندنەوە خۆی جۆریكە لە وەرزش، وەرزشیش هەمیشە هۆكارە بۆ باشیی تەندروستیی مرۆڤ، جگە لەوەی كەسی كتێبخوێن زانیاریی زیاد دەبێت و كەسێكی ژیر و تەندروست دەبێت، لە بواری تەندروستیش داتاكان ئەوەمان پێ دەڵێن كتێبخوێندنەوە سوودی تەندروستیی هەیە، لە جەڵتەی مێشك و دڵ دەمانپارێزێت، خوێندنەوە لەلایەنی تەندروستییەوە هۆكارە بۆ دووركەوتنەوە لە خەمۆكی و فشارەكان.



وشە - سۆران عەزیز