لەلایەن هێزەكانی توركیاوە، بەرپرسی پەكەكە لە كۆبانی كوژرا كە زیاتر لە چەندان ساڵە داواكراوە و چەندان بەرپرسیاریەتیی هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی دووەم، دەزگای هەواڵگریی توركیا ناسراو بە "میت"، كوشتنی بەرپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی لە كۆبانێ ڕاگەیاند.
باس لەوەش كراوە، موتڵو بە "كاركەر ئاندۆك" ناسراوە و بەرپرسی پەكەكە (یەپەگە) بووە لە كۆبانێ، لە ئۆپراسیۆنێكدا كوژراوە.
لەبارەی ژیانی ئەو كوژراوە ئەو دەزگایەی توركیا دەڵێت، بەرپرسە كوژراوەكەی پەكەكە لە ساڵی 1997ەوە چووەتە ناو ڕیزەكانی پەكەكەوە، لە ساڵی 2009 لە ناوچەی هەفتانین بووە و بەشداریی لە شەڕەكانی دژ بە توركیا كردووە.
ئەو كوژراوەی پەكەكە لە ساڵی 2013 لە كەمپی مەخموور بووە، لە ساڵی 2015ەوە چووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و لە ساڵی 2020ەوە بەرپرسی هێزەكانی پەكەكە بووە لە ناوچەی تەل ڕەفعەتی رۆژئاوای كوردستان، ئینجا بووەتە بەرپرسی پەكەكە لە كۆبانێ و لە ئۆپراسیۆنێكدا كوژرا.
كوژرانی ئەو بەرپرسەی پەكەكە لە كاتێكدایە، ئەمساڵ بە دەیان بەرپرسی پەكەكە كوژراون، شارەزایان و كەسانی نزیك لە سیاسەتی پەكەكە پێیان وایە، دەستێك لە ناوخۆی ئەو چەكدارانە هەیە كە شوێنی سەركردەكان ئاشكرا دەكات.