شەوی رابردوو لە هەولێر چی رووی دا؟

:: AM:08:46:28/11/2023 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو تانكەرێكی سووتەمەنی وەرگەڕا، بەهۆی وەرگەڕانەكە ئاگری گرت و شوفێرەكە لەناو تانكەرەكە سووتا و گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەهۆی وەرگەڕانی تانكەرێك ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و تانكەرەكە بە تەواوی سووتا.

كاروان عەلی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە رێی جدیدە تانكەرێك وەرگەڕا كە سووتەمەنی بار كردبوو، رووداوەكە بووە هۆی سووتان و گیان لە دەستدانی شوفێرەكەی.

دواتر تیمەكانی بەرگریی شارستانیی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانیان بەخێرایی ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

ئەو رووداوە لە كاتێكدایە شەوی رابردوو بەهۆی بارانەوە، چەند رووداوێكی هاتوچۆ دروست بوون، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.



وشە - رامیار جەواد