كچە پێشكەشكارێكی تورك داوای لێبوردن لە پەروین چاكار دەكات

:: AM:09:50:28/11/2023 ‌
كچە پێشكەشكارێكی كەناڵێكی دیار لە توركیا، شرۆڤەیەكی لەسەر هونەرمەندی كورد "پەروین چاكار" كردبوو. ئەم شرۆڤەیە بەدوای خۆیدا دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناو سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە لێ كەوتەوە، هێرشێكی زۆر كرایە سەر پەروین چاكار، ئەمەش وایكرد كوبرا پار داوای لێبوردن بكات و رای گەیاند ئەو مەبەستی ئەوە نەبووە خەڵك هێرش بكەنە سەر هونەرمەندێكی وەك پەروین.

كوبرا پار پێشكەشكاری تی ڤی 100 رای گەیاند، من تێدەگەم كە شرۆڤەكەم هەم بووەتە هۆی تووڕەبوونی كۆمەڵە خەڵكێك و هەمیش لە ڕێڕەوە ئەسڵەكەی خۆی لادرا. شرۆڤەكەی من هیچ پێوەندییەكی بە ناسنامەی چاكار و كوردبوونەوەكەیەوە نەبوو. من دەمەوێ بڵێم كە ئەگەر هەڵەتێگەیشتنێكی وا دروست بووە، من لە دڵەوە داوای لێبوردن دەكەم”.

كوبرا پار لە بەرنامەكەدا گوتبووی كە ئەو وەك ڕۆژنامەوان كاری ئەوەیە بەدواداچوون بۆ كۆنسێرتەكانی موزیكی كلاسیك بكات، بەڵام قەت ناوی "پەروین چاكار”ی نەبیستووە.

كوبرا گوتبووی، پەروین چاكار هونەرمەندێكی ناسراو نییە، ئەو لە سەرانسەری دنیادا بەشداریی لە ئۆپێرادا كردووە، بەڵام سەركەوتنێكی جیهانیی بەدەست نەهێناوە و تەنیا بە لێدوانەكانی لەسەر ناسنامە كوردییەكەی پێشكەوتووە.

پەروین چاكار لە ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئەلبوومێكی ئۆپێرایی تایبەت بە هەڵەبجە بڵاو كردەوە و بەرهەمەكە بەناوی 'IN MEMORIAM to the victims of Halabja'یە، واتە 'لە یادەوەریی قوربانییانی هەڵەبجەدا'یە.
 
 پەروین چاكار لە 1981 لە ماردینی كوردستانی باكور لە دایك بووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەست پێ كردووە، ماستەری لە 'كۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی' بەدەست هێناوە. ئێستە یەكێكە لە دیاترین هونەرمەندانی كورد كە لەسەر ئاستی دنیادا زۆر دەردەكەوێ و ناسنامەی كوردی و موزیكی كوردی لەسەر شانۆی جیهانی پێشكەش دەكات.




وشە - سۆران عەزیز