ڕۆمانی "فڕینی پردەكان" چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:11:04:28/11/2023 ‌
ڕۆمانی "فڕینی پردەكان"، دوای ڕۆمانی "بەرێگاوە"، دووەم ڕۆمانی دڵشاد كاوانییە بۆ یەكەمجار لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ڕۆمانی فڕینی پردەكان ڕۆمانێكی یوتۆبیای خەیاڵییە و تێكەڵ بە ئاین و فەلسەفە و مێژووی سیاسیی كراوە، ڕۆمانەكە براوەی پێشبڕكێی ڕۆمانە لە ڤیم فاوندەیشن بۆ ساڵی 2023، تەكنیك و ناوەڕۆكی بۆ ئەزموونی ڕۆمانی كوردی تازەیە، هەروەها گیانێكی نوێی بە گێڕانەوە داوە.

دڵشاد كاوانی لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، ڕۆمانی فڕینی پردەكان لە ناوەڕۆكدا باسی لە دایكبوونی ئاینێكی سیاسی دەكات كە دوای كۆتاهاتنی ئاینەكان لە دایك دەبێت. هەروەها باسی ئەنفال و كوشتن و بڕینی كۆمەڵێك شار و وڵاتی خەیاڵی دەكات كە وێنای شەڕی شارستانیی مرۆڤایەتی دەكات. 

نووسەری ڕۆمانەكە دەڵێت: كارسازییەكی دەگمەنی كاركتەرە واقیعییەكانی كردووە، سەدام و غاندی و ماندێلا و سێ سەركردەی كورد و سێ پێغەمبەری ئاینی ئاسمانی، لە كۆمەڵێك ڕووداوی جیاوازی ناو ڕۆمانەكە ڕۆڵی سێ پاڵەوانی سەرەكیی رۆمانەكە دەگێڕن.

 هەوەها گوتی: ڕۆمانی فڕینی پردەكان سەرجەم بنەما و پێكهاتەكانی ڕۆمانی باوی تێكشكاندووە، لەسەر ئاستی ئەدەبی كوردی و ڕۆمانی جیهانیدا چاوەڕێی پێشهاتێكی مەزنە.

ئەم ڕۆمانە بۆ یەكەمجار لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە سلێمانی، لە ناوەند و چاپەمەنیی پاندا كەوتووەتە بەردەستی خوێنەران.




وشە - سۆران عەزیز