لە بەریتانیا کارمەندێکی نەخۆشخانە سێکسی لەگەڵ زیاتر لە سەت تەرمدا کردووە

:: PM:09:05:28/11/2023 ‌
ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس ڕای گەیاند، حکوومەتی بەریتانیا لێکۆڵینەوەی دەست پێ کردووە لەبارەی دۆسیەیەك کە تێیدا کارمەندێکی کارەبای نەخۆشخانەیەک کە تاوانی کوشتن سزادراوە، بە درێژایی 15 ساڵ بە بەردەوامی سێکسی لەگەڵ چەندان تەرمدا ئەنجام داوە.

ئەم کەسە ناوی "دەیڤید فۆلەر"ەو تووشی حاڵەتێکی نامۆ بووە کە بە ''نەکرۆفیلیا'' ناودەبرێت، ئەمەیش بە واتای حەز و ئارەزوو بۆ جوتبوون لەگەڵ لاشەی مردوودا. 

لە ساڵی 2020 لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ئەفسەرە بەریتانییەکان لەسەر دۆسیەی کوشتنی دوو ژن لە ساڵی 1987، کاتێک ''‌DNA‌‌'' دەیڤید فۆلەر بەکارهێنرا بۆ پشتڕاستکردنەوەی تاوانی کوشتنەکە، لە ماڵی ئەم پیاوە چەند وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی دۆزرایەوە، کە تێیدا لە مردووخانەی نەخۆشخانەکەیدا تاوانکار سێکسی لەگەڵ لاشەی مردووی زیاتر لە سەت کەسدا کردووە و کەسیش درکی بەم تاوانە نەکردووە.

پۆلیسەکان توشی شۆک بوون و پێیان وایە کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە و نەبوونی یاسا و چاودێری وای کردووە حاڵەتی وەها قێزەون ڕووبدات.

فولەری تەمەن 69 ساڵ بە زیندانی هەتاهەتایی و بە تۆمەتی کوشتنی دوو ژن سزای بۆ دەرچووە و دوای بینینی ئەم دیمەنانە لە لایەن پۆلیسەوە، ئێستە هیچ هیوایەک بۆ فۆلەر نەماوە تا ئازاد بکرێت.

جگە لە کوشتنی دوو ژن لە ساڵانی پێشوو، فولەر تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی 140 جۆری سەرپێچی و سێکسی لەگەڵ 101 کچ و ژنی لاشە مردوودا كردووە کە تەمەنیان لە نێوان نۆ بۆ 100 ساڵان بووە، خۆیشی بە تۆماری ڤیدیۆیی تاوانەکانی هەڵگرتووە.

دوا بە دوای ئاشکراکردنی ئەم ڕووداوە، وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا پێشنیاری کردووە تەنانەت لە مردووخانەی هەموو نەخۆشخانەکانیشدا کامێرای چاودێری دابنرێت، ئەو کەسەی بەرپرسە لە مردووەکان بە تەنیا نەچێتە ژوورەوە و یەکێکی تر هاوەڵی بکات.

لە پرسیاری ئەوەی ئایا چۆن توانیوییەتی ئەم تاوانە قێزەون و نامۆیە ئەنجام بدات، فۆلەر دەڵێ، پێش هەر کارێکی وا لە هۆکاری مردنی کەسەکەی کۆڵیوەتەوە و ئەگەر زانیبێتی بە نەخۆشییەکی گواستراوە یاخود کۆرۆنا مردووە، ئەوا نەچووە بە لایدا.

ئێستە سیستەمی تەندروستیی بەریتانیا بە شۆکدا هاتووە و کەوتوونەتە خۆیان بۆ توندوتۆڵ کردنی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە نەخۆشخانەکاندا.


وشە - ئارا هێمن