لقی سلێمانیی یەكێتیی نووسەرانی كورد، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی رۆشنبیریی شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و دەڵێت، رۆژ هەیە لە شاری سلێمانی پێنج شەش كۆڕ و كۆبوونەوە لە هەمان كات و لە شوێنی جیاجیا بانگەشەیان بۆ دەكرێت، هەموو ناوەند و رێكخراوێك كتێب چاپ دەكات و كۆڕ دەكات، ئەمەش بەبۆچوونی یەكێتیی نووسەران فەوزای رۆشنبیرییە.
لە راگەیەنراوەكەی لقی سلێمانیی یەكێتیی نووسەرانی كورددا هاتووە: "ئەگەر سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەمیشەیی كوردستان بێت، ئەمە بەو مانایە نییە كە بەردەوام چەندان چالاكیی ئەدەبی و رۆشنبیریی بەبێ پۆلێنكردن و رێكخستن، لە شێوەی فەوزایەكی رۆشنبیری تێیدا ئەنجام بدرێن و بە دەیان سەنتەر و ناوەند و رێكخراوی رێپێدراو و رێپێنەدراو، چالاكی و كۆڕ و كۆبوونەوە پێشكەش بكەن."
رۆژ هەیە لە شاری سلێمانی پێنج شەش كۆڕ و كۆبوونەوە لە هەمان كات و لە شوێنی جیاجیا بانگەشەیان بۆ دەكرێت، هەموو ناوەند و رێكخراوێك كتێب چاپ دەكات و كۆڕ دەكات و ئەندام و ئامادەبووانی هەیە. یەكێتیی نووسەران وا دەڵێت.
ئەوەش دەڵێ، "ئێمە وەك یەكێتیی نووسەرانی كورد، پێشتر نووسراوێكمان ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان كردووە، تێیدا ئاماژەمان بە رێچارەیەك كردووە بۆ نەهێشتنی ئەو فەوزا رۆشنبیرییەی بووەتە جێی پرسیار و وا دەكات هەوڵە ئەدەبی و رۆشنبیرییەكان، ئامانجەكانیان نەپێكن و بە ناكامڵی بمێننەوە، چونكە هەوڵی هەر ناوەندێكی رۆشنبیری، لەبری ئەوەی خزمەتی كەشی گشتیی رۆشنبیریی شارەكە بكات، دۆخەكە ئاڵۆزتر و پەرتەوازەتر پێشان دەدات".
ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەم پاشاگەردانییە بە دامەزراندنی بۆردێكی رۆشنبیری چارەسەر دەكرێت كە ئەركی رێكخستنی چالاكیی ئەم هەموو رێكخراو و سەنتەر و ناوەند و دەزگا رۆشنبیرییانەی شارەكە بگرێتە ئەستۆ."
هەر لەڕێی ئەو بۆردەوە ئاستی كتێب و كۆڕەكانی ئەو ناوەندانە هەڵبسەنگێنرێن، وێڕای دابینكردنی ئازادی بۆ كاری نووسەران و رۆشنبیران، رێ بە هەڕاجخانەی ئەدەبی و دابەزاندنی ئاستی بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیرییەكان نەدرێت. لەوانەیە ئەم بۆردە لە ئایندەدا بتوانێ بەرنامەی هەبێت بۆ پاراستنی زمانی كوردی و ئاستی وەرگێڕانی كتێبەكان و ئاستی كتێبی چاپكراو لە شاری سلێمانیدا.