نیگا و ئەزموونی ڕۆماننووسێك بڵاو كرایەوە

:: AM:11:46:29/11/2023 ‌
ئەمڕۆ بۆ خوێنەرانی كوردزمان خۆشبەختییەكی لە ڕادەبەدەرە كە تەماشای كتێبخانەی كورد بكەن، سەرجەم كتێبەكانی نووسەری تورك و جیهانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و دەیان خەڵاتی تر "ئۆرهان پاموك" بە كوردی دەبینن و لە بەردەستیاندایە. 

عەزیز ڕەئووف وەرگێڕی كتێبی "پردی نێوان دوو كولتوور"، بۆ "وشە" گوتی، یەك لە دەگمەنترین و خۆشحاڵترین ڕووداوەكانە كە نووسەرێكی رژد و تایبەت، كۆكارەكەی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاون، هاوكات خوێندنەوەی هەلێكی ناوازەیە بۆ ئاشنابوون بە دنیای نووسەرێك و ئەو ئەزموونە داهێنەرەی كە لەمڕۆدا دنیا چاوی لەسەریەتی، ئەویش بە هەناسە و وزەی خۆیەوە بەردەوامە و دەنووسێت.

 ئۆرهان پاموك بە كوردی و لە ڕێی چەند وەرگێڕێكەوە، كارەكانی لە زمانی سەرەكیی خۆیەوە زمانی توركی، بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاون، ئەم كتێبە "پردی نێوان دوو كولتوور" نوێترین كتێبی وەرگێڕاوی پاموكە بۆ كوردی، لەلایەن عەزیز ڕەئووف لە زمانی ئینگلیزییەوە هاتووەتە وەرگێڕان و دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی كردووەتەوە. 

ئۆرھان پاموك لەدایكبووی حەوتی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئیستانبوڵ، نووسەر و ڕۆماننووسی تورك و براوەی خەڵاتی نۆبڵی وێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٦. ئەو یەكەم توركە كە خەڵاتەكەی وەرگرتبێت. ئۆرھان لەناو خێزانێكی دەوڵەمەند و خوێندەوار و ڕۆشنبیردا گەورە بووە، بەڵام باوكی ھەرزوو ماڵ و سامانی خۆی لە دەست داوە. ئەو لە شاری ئیستانبوڵ بەشی ئەندازیاری و ڕۆژنامەوانیی تەواو كردووە. 
ماوەیەكیش ویستوویەتی ببێ بە ھونەرمەند. پاموك ڕۆماننووس و سیناریۆنووسێكی ناسراوی توركە، لە ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی نۆبێل لە ئەدەب پێی بەخشرا، لە ساڵی ۱۹۷٤وە تا ئێستە لە بواری ئەدەبی كار دەكات، بەرھەمەكانی ئەو زیاتر بۆ ٦٠ زمان وەرگێڕاون، لە بەشێك لە بەرھەمەكانی باسی كۆمەڵكوژی ئەرمەن و كوردی كردووە لەلایەن عوسمانییەكان، بەو هۆیەوە لە توركیا ڕووبەرووی دادگا بووەتەوە، بەڵام بەھۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە دادگاییكردنی بەخشرا.



وشە - سۆران عەزیز