هێشتا ماوە.. كابینەی نۆ جووتیاران شاگەشەكەتر دەكا و چیتری پێیە؟

:: PM:09:56:29/11/2023 ‌

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی بە هەنگاو بەڵێنەكانی لەبارەی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی و كەرتی كشتوكاڵ بەجێ بگەیەنێت، جووتیارانی لە خەمی بێبازاڕی و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان رزگار كرد، ئێستە سەرەڕای ئەوەی لە ناوخۆ بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان كراوەیە و هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت، بازاڕی دەرەوەش بۆ بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران كراوەتەوە، كاتێك بەرهەمەكانیان دەبرێتە دەرەوە و لە بازاڕەكانی دنیا ساغ دەكرێتەوە.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بەڵێنی بە جووتیاران دا و وەك پاڵپشتییەك لە نزیكەوە لەگەڵیان بوو بۆ بەرهەمهێنانی زیاترین جۆری بەرهەمی كشتوكاڵی، بەڵێنی ئەوەشی دا كە جووتیاران هیچ گرفتێكیان لە ساغكردنەوەی بەرهەمەكان نابێت، ساڵی رابردووش وەك یەكەم هەنگاو دەیان تۆن هەناری هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی كەنداو و ئەوروپا كرا، ئەمساڵیش چەندان جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی لە هەنار ترێ و سێو و هەنجیر و پەتاتە و هەنگوین و برنجی كوردی و تەحین و سماق رەوانەی دەرەوە كراون، بڕیارە لە ساڵانی داهاتووش جۆری تری بەرهەمی ناوخۆ رەوانەی دەرەوە بكرێن لەوانە مریشك و هێلە.

لە چەند رۆژی رابردوو بڕی 100 تۆن هەناری زاخۆ و هەڵەبجە رەوانەی دەرەوەی كوردستان كرا و پێشبینیش دەكرێت نزیكەی هەزار تۆن هەناری هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی ناوخۆ رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە بكرێت، لە لایەكی ترەوە ئەمڕۆ چوارشەم بڕی دوو تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان لە باشترین جۆری هەنگوین رەوانەی قەتەڕ كرا، كە ئەوەش بۆ هەنگەوانان جێگەی دڵخۆشی بوو، بەهۆی ساغكردنەوەی بەرهەمەكەیان لە دەرەوە و نەبوونی بازاڕ لە ناوخۆی هەرێم، هەروەها بە سەتان تۆن سێوی بەرواری باڵا رەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، جیا لە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن سماقی ئاكرێ لە رێگەی كۆمپانیایەكەوە رەوانەی دەرەوە دەكرێت، لە پاڵ پێنج هەزار تۆن پەتاتە و سەرو 150 تۆن برنج و دەیان تۆن تەحین هەناردە كراوە.

لەوبارەوە فەلاح كوڵكنی، جووتیاری نموونەیی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵیش وەك ساڵی رابردوو لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە هەناری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا، ئەوەش دڵخۆشكەرە، چونكە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران هەنارەكەیان لە رێگەی ئەو كۆمپانیایەوە ساغ دەبێتەوە و دەبرێتە دەرەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگی پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵە لە هەرێم، بۆیە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی و هاوكاریكردنی جووتیاران جێگەی دڵخۆشییە، ئەمساڵیش بڕێكی زۆر هەنار هەناردە دەكرێت و بەشێك لە باخەوانان هەنارەكەیان لە رێگەی كۆمپانیایەكەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

لای خۆیەوە كۆسار هەورامی، ئەندازیاری كشتوكاڵی بە "وشە"ی گوت، بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لە پەتاتە بە سەتان هەزار تۆن دەبێت، هێندە بەرهەم زۆرە لە بەشی ناوخۆ و عێراقیش زیاترە و هەناردەكردنی بۆ ساغكردنەوەی هەنگاوێكی گرنگ بوو، جووتیاران هەمیشە بەدوای ئەوەن لە كوێ و چۆن بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت و گرفتی ساغكردنەوەیان نەبێت، بۆیە پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت كە هەر بەرهەمێك لە بەشی پێویستیی ناوخۆیی زیاتر بوو رەوانەی دەرەوە بكرێت، چونكە جووتیارانی هەرێم زۆر بە ئەزموون و شارەزان و بەرهەمی زۆر و كوالێتی بەرز بەرهەم دێنن.

پێوەست بەو بابەتە هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان لە زۆربەی ئەو بەرهەمانەی كە بەرهەم دەهێنرێن، دەوڵەمەندە و جیاوازییەك لە نێوان جووتیاران و بەرهەمی دەرەوە لەگەڵ جووتیارانی ناوخۆ و بەرهەمەكانیان نییە، بگرە كوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموونی هەیە.

ئاماژەی كرد، ئەو بەرهەمانەی لە ماوەی كابینەی نۆدا لە رێی وەزارەتی كشتوكاڵەوە رەوانەی دەرەوە كراون، بریتین لە هەنار، ترێ، سێو و هەنجیر، هەروەها برنجی كوردی و تەحین و سماق، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێك دابەش دەكرێن، جیا لەوانە بۆ ساڵانی داهاتوو كار بۆ رەوانەكردنی بەرهەمەكانی تریش دەكرێت.

دوێنێ فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رێگەی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەناردەكردنی هێلكە و مریشك بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی بازاڕی زیاتری بۆ پەیدا بكرێت، چونكە ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بازاڕ لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ هەموو بەرهەمەكان بدۆزێتەوە .

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ دووپاتی كردەوە كە ئەو هەوڵە كاری باشی لەسەر كراوە بۆ ئەوەی مریشك و هێلكە رەوانەی وڵاتانی كەنداو بكرێت، لەوانە بۆ وڵاتی ئیمارات، كە ئەوەش دەبێتە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هێلكە و مریشك.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل