"بەغدا دەیەوێ وا لە خەڵكی هەرێم بكات خۆشەویستییان بۆ خاك و نیشتمان نەمێنێت"

:: PM:10:39:29/11/2023 ‌

گوشار و دەستی دەستیكردنی بەغدا بە ماف و شایستەكانی هەرێم و خەڵكەكەی بەردەوامە، شارەزایان باس لەوە دەكەن كە دەبێت خەڵك پرسیاری ئەوە بكات، ئاخۆ وابەستە‌بوون بە عێراق و عێراقچیەتی واتای چییە؟، لەكاتێكدا عێراق خۆی پشتی پێ نابەسترێ و دۆخی خراپە و بێ سەروەرییە، كەچی خەریكە وا لە خەڵكی كوردستان دەكات كە خۆشەویستیی خەڵك و خاك و نەتەوە و نیشتمان بۆ مووچە و پارە بگۆڕنەوە.

سەرباز خۆشناو، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی پێوەندیی ئیسلامیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا هەموو كاری ئەوەیە هەرێمی كوردستان لاواز و بێ دەسەڵات بكا و كار بۆ ئەوە بكات كە حكوومەت دەسەڵاتی نەمێنێت، لەوكاتەی ئەوەی كاری لەسەر ناكات دابینكردنی ماف و بەركەوتەی هەرێمە بەپێی دەستوور، كار لەسەر ئەوە دەكات چۆن ستەم لە فەرمانبەران بكات، چەند مانگێكە مووچەی لایە و هەموو مانگێك دوای خستووە و لە كاتی خۆیدا نەیناردووە، خەریكە مانگی كانوونی یەكەم دێت و هێشتا مووچەی مانگی ئەیلوولی نەناردووە، بۆیە هیچكات دەسەڵاتی بەغدا لە هەرێم و حكوومەتەكەی باشتر نییە، چونكە ئەگەر دەسەڵات و ماف و ئابووریمان لەسەر بەغدا بێت، هەركات بیەوێ بڕیارمان بەسەردا دەدات، لەوكاتەی بەغدا هیچ كات ئامادە نەبووە كار بە دەستوور بكا و مافی كورد بدات.
 
زیاتر گوتی، هەركات بەغدا ویستبێتی كاری بۆ لاوازكردنی هەرێم كردووە، ئەو داهاتەی كە حكوومەت خۆی سەرپەرشتی دەكرد، ئێستە لە ژێر دەستی بەغدایە و دەبێت چاومان لەوە بێت كەی‌ دەیدات و كەی دەیبڕێت و كەی كێشە دروست دەكات، بۆیە هەرچەندە تێبینی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی خۆمان هەبوو، بەڵام خۆمان باشترین نەك هیچ و كەس و لایەنێكی تر، لایەنەكانی ناوخۆش دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و واز لە ململانێ بێنن و ناوخۆی خۆمان رێك بخەین.

لای خۆیەوە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، عێراق سیاسەتی برسیكردن بەرانبەر بە كورد جێبەجێ دەكات، ئەوەی دەیكات لە هەموو بابەتێكی مرۆیی دەرچووە، ئامادەیە سووكایەتی بە كوردستان و كوردستانییان بكات، هیچ كات رێككەوتنێكی نەكردووە كاری پێ كردبێت، هەمیشە بەو دیوەوە كاری پێ كردووە كە چۆن وا بكات كورد ژێردەستە و بێ هێز و بێ دەسەڵات بكات، بۆیە بەغدا هیچ كات دڵسۆزی خەڵكی كوردستان نەبووە و ئەوەی حكوومەتی خۆمان دەیكات، بەغدا هەرگیز نایكات، جیاوازییەكە بەم شێوەیەیە، حكوومەتی بەغدا نایەوێ خزمەتی خەڵكێك بكات كە خاوەن حكوومەتی خۆیانن و وا لە خەڵك دەكات كە خۆشەویستییان بۆ نیشتمان و خاك نەمێنێت.

پێوەست بەو بابەتەوە نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم، وەك ئەوەی لە ماوەی رابردوو دروست بوو، كارێكی خراپ و ناجۆر بوو، هەرێم كاتێك بەهێز دەبێت كە خاوەن دەسەڵات بێ و بە سەربەخۆ كار بكات، كاتێكیش بەو جۆرە نەیتوانی، كەواتە بە بێهێزی دەردەكەوێت، كێ هەیە ئەوەی پێ خۆش بێت كە هەرێم خاوەن دەسەڵات نەبێت، داهاتی لە ژێر دەستی خۆی نەبێت و ژێردەستە بێت و بڕیاری بەسەردا بسەپێنرێت، بۆیە بەغدا دەستوور جێبەجێ ناكات، چونكە مافی كورد و كوردستانی تێدایە و ئەویش لەگەڵ ئەوەدا نییە مافی كوردستان بدات.

باسی لەوەش كرد، بەغدا هیچكات ناتوانێت مافی خەڵكی كوردستان بدات، چونكە ئەو خۆی لە دژایەتیی كوردستان دەبینێتەوە و چۆن دەیەوێ خزمەت بە كوردستان بكات، هەر ئەوەندەی مووچە رۆیشتە دەستی بەغدا لەو چوار مانگەدا چی بە فەرمانبەران نەكردووە، بەغدا ئەوەی دەیویست هەرێم نەوتەكەی لە ژێر دەست نەمێنێت تا هەقی ئەو چەند ساڵەی لێ بكاتەوە كە بە سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە، بۆیە ئەم جۆرە سیاسەتەی بەغدا زیاتر تۆڵەكردنەوەیە نەك رێككەوتن، بەغدا شتێك نازانێت بە ناوی رێككەوتن و جێبەجێكردنی، سیاسەتێك دەكا كە خۆی مەیلی بۆی هەیە، ئەویش دژایەتیكردنی كورد و كوردستان.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل